مستەفا هیجری: بەپشتیوانی خەڵكی خۆمان جارێكی دیكە دەگەڕێینەوە رۆژهەڵات

مستەفا هیجری: بەپشتیوانی خەڵكی خۆمان جارێكی دیكە دەگەڕێینەوە رۆژهەڵات
حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە ئامادەبوونی سكرتێری ئەو حزبە مستەفا هیجری و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتیی ئەو حزبە و بەشێك لە حزبە كوردییەكانی ئێران و حزبەكانی هەرێمی كوردستان رێوڕەسمی پرسەی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی ئەو حزبە بەڕێوەبرد.

مستەفا هیجری رایگەیاند "لەو خەباتە بەردەوام دەبین، پێشمەرگەكانی ئێمە شەڕخواز نین، ئێمە ئاشتی و پێكەوەژیان و پێكەوە هەڵكردنمان دەوێت".

ئەمڕۆ لە كەمپی جێژنیكانی سەر بە قەزای بەحركە بە دووریی"20 كیلۆمەتر" حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە ئامادەبوونی سكرتێری ئەو حزبە مستەفا هیجری و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتیی ئەو حزبە و بەشێك لە حزبە كوردییەكانی ئێران و حزبەكانی هەرێمی كوردستان رێوڕەسمی پرسەی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی ئەو حزبە بەڕێوەبرد كە رۆژی 18ی ئەم مانگە لە گوندی قەرەسەقەڵ لە دەوروبەری شاری شنۆ لە رووبەڕووبونەوە لەگەڵ هێزەكانی ئێران شەهید كران.

لەمبارەوە مستەفا هیجری گوتی "حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە پشتیوانی ئەو خەڵكە، جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە نێویان لە رۆژهەڵات".

ناوبراو لە وتارێكدا لەبەردەم ئەو خەڵكەی بۆ گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشی هاتبوون و لە حزرووری كەسوكاری ئەم پێشمەرگانە كە بەرامبەر بە خەڵكە دانیشتبوون، گوتی "حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە پشتیوانی ئەو خەڵكە جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە نێویان بۆ ئەوەی خوێن و عارەقەی لەگەڵ ئەو خەڵكە جارێكی دیكە تێكەڵ ببێتەوە، بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران تەبلیغات دەكەن و دەیانەوێت ئیرشاد بدەن كە تێكۆشان و حەرەكەتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە پشتیوانی بیگانەكان و عەرەبستانی سعوودیە و ئەمریكایە و نازانم كوێی دیكەیە، هەمیشە دەیانەوێت بایەخەكانی كورد كەم بەها بكەن، ئێمە بە بەرپرسیارێتییەوە جارێكی دیكە رایدەگەیەنم كە ئەو خەباتە هەڵقوڵاوی ئیرادە و ویستی گەلی كوردە لە كوردستانی ئێران، هەڵقوڵاوی كار و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبە كە لەهەموو حاڵەتێكدا یارمەتیدی حیزبی دیموكرات بوون، ئێمە هەمیشە توانای خۆمان لەو پێشمەرگەیە وەردەگرین، ئەگەر 37 ساڵە جەستەی ئەو خەباتە خوێنی لێ دەچۆڕێت ئەو خەڵكە هەرمێنی كردووەتەوە، پڕی كردووەتەوە، ئێمە وەفادارین بە پەیامێك بە خەڵكەكەمان داوە، رابردوومان هەر ئەوەی نیشانداوە و ئێستا و داهاتووشمان هەر ئەوە دەبێت".

هیجری لە درێژەی قسەكانیدا بە شێوازێکی توندتر رووی كردە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران و گوتی "با كۆماری ئیسلامی ئێران و بەكرێگیراوەكانی باش بزانن كە ئێمە خەڵكی كورد و پێشمەرگەكانی ئێمە شەڕخواز نین، ئێمە ئاشتی و پێكەوەژیان و پێكەوە هەڵكردنمان دەوێت، ئێمە دەمانەوێت خەڵكەكەمان لە كوردستان، لە ئێران، لەهەموو پارچەكانی دیكەی كوردستانی دابەشكراودا ژیانێكی سەردەمییانەی وەكو ئەوڕۆیان هەبێت لە دنیادا، خەباتی ئێمە بۆ بەدەستهێنانی ئەو شێوە ژیانەیە و رزگاری لە چنگی داماوی و زەلیلی و ئەسارەت".



باسنیوز
Top