داعش هێرشیكردەوە سەر سنوری خورماتوو

داعش هێرشیكردەوە سەر سنوری خورماتوو
رێكخراوی داعش ئەمشەو هێرشیكردەوە سەر سنوری خورماتوو، بەو هۆیەشەوە شەڕو پێكدادان لەنێوان چەكدارانی حەشدی شەعبی و داعش روویداو پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدایە.

عەبدوڵا بۆر فەرماندەی میحوەری سێی خورماتووی هێزی پێشمەرگە راگەیاند "كەمێك پێش ئێستا چەكدارانی داعش هێرشیان كردووەتە سەر گوندی باشەملی كە بەدەست حەشدی شەعبی یەوەیە".

وتیشی "تائێستا زەرەرو زیانەكان نەزانراون".

عەبدوڵا بۆر ئاماژەی بەوەشكرد، پێشمەرگە لەسنوری خورماتوو لە ئامادەباشیدایە، چونگە زانیاریان پێگەیشتووە كە داعش نیازی هەیە هێرش بكاتە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە.

هاوكات فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە میحوەری خورماتوو پشتڕاستیكردەوە كە داعش هێرشی كردووەتە سەر گوندی باشمەلی، تائێستاش زیانەكان نەزانراون.

ئەوە دووەم جارە داعش لەماوەی ئەم چەند رۆژەدا هێرشبكاتە سەر سنوری خورماتوو.

چەكدارانی داعش 17 ئەم مانگە سه‌ره‌تا هێرشیانكرده‌ سەر حەشدی شەعبی و توانیان بۆ ماوه‌یه‌ك بچنه‌ ناو گونده‌كانی‌ زەنجەلی‌و عەبودو پیر ئەحمەد كە ئەمنیەتی بەدەست چەكدارانی حەشدی شەعبیی-ەوەیە، دواتر هێرشیان كرده‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌، بەڵام هێرشه‌كه‌یان لەلایەن پێشمەرگەوه‌ تێكشكێنراو لەو گوندانە دەركران.

بەهۆی هێرشەكەی داعشەوە، 15 پۆلیس و ئەفسەری‌ پۆلیس كوژران و سێ پێشمەرگەش شەهید بوون، هەروەها چەندین چەكداری داعش كوژران.
Top