سبەینێ شاندێكی كوردانی ئێزدی سەردانی ئەمەریكا و یوئێن دەكەن
(مەحما خەلیل) قایمقامی قەزای شنگال ڕاگەیاند: "بەیانی 20ـی حوزەیران شاندێكی پایەبەرزی كوردانی ئێزدی لە ئیدارەی قەزای شنگال و ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵەوە سەردانی ئەمەریكا و یوئێن دەكات؛ بەندە سەرۆكایەتییان دەكات."
گوتیشی: "سەردانەكە بە مەبەستی گەیاندنی داواكارییەكانی كوردانی ئێزدییە بە ئەمەریكا و یوئێن."
پێوەست بە ئامانجی سەردانەكە قایمقامی قەزای شنگال گوتی: "بڕیارە چەند داواكارییەک بکەین؛ یەکەم، دان بەوەدا بنێن کوردانی ئێزدی قڕ (جینۆساید) کراون؛ دووەم، شنگال ئاوەدان بکرێتەوە؛ پاشانیش بێن بە هانای ئاوارەکانمانەوە و، كچ و ژنانە ئێزدییە دیلەکانیش لە دەستی داعش ڕزگار بکەن؛ هەروابێتەوە داوای یارمەتی ناردن بۆ هێزی پێشمەرگەیش دەکەین."
