هەڵمەتە میدیاییەکەی گۆڕان کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان پارتی و گۆڕانی دواخست
ئەمڕۆ یەکشەممە 19\6\2016، ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕايگەیاند: “بڕیاربوو پێش دانیشتنەکەی نێوان پارتی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام بدەین، بەڵام ئێستا پارتی بۆچوونی پێشووی نەماوە”. ئەوەشی ڕوون کردەوە: “دوای ئەم هەڵمەتە ئاست نزمەی کە لە میدیاکانی گۆڕانەوە کرا، کەموکوڕی زۆر دروست بوو و پارتیش پرسیاری زۆری لا دروست بووە”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی لە لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە: “لە دوای هێرشەکەی میدیاکانی گۆڕان، پارتی زیاتر ماهیەتی گۆڕانی بۆ دەرکەوتووە، بۆیە ئەو هەڵمەتە کاریگەری لەسەر دانیشتنەکەی پارتی و گۆڕان دروست دەکات”.
باسنیوز
