دایكێكی پەنابەری كورد دەبێت بەبێ کۆرپەکەی فینلاند جێبهێڵێت
هەموو رۆژێک کاتێك هونەر عەلی موحەممەد لە سەر کارەوە دەگەڕێتەوە ماڵێ، دراوسێكانیان پێیدەڵێن "لێرە بڕۆ".
ئێستا حەت ساڵە هونەر لە فینلاند دەژی و بەهیچ شێوەیەک بەبیری نەهاتووە کە لەم وڵاتە بڕوات. ئەو لە فینلاند وێڕای پەنابەرێتی هەروەها مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەییشی پێدراوە.
بڕیاری وەدەرنانی ژنەکەی هونەر کە ناوی "گەشاو خەلیل حەمەد"ە لەگەڵ منداڵە سێ ساڵانەکەیان لە وڵاتەوە دەرچووە. بەڵام بڕیاری منداڵە ساواكەیان هێشتا دەرنەچووە. بە گوێرەی بڕیاری فەرمانگای کۆچ و کۆچبەری ئەم دوانەیان دەبێ هەتا هەینی ئەم هەفتەیە خاکی فینلاند جێبهێڵن.
لەم خێزانە دا وێڕای هونەر و ژنەکەی گەشاو و منداڵێکی سێ ساڵانە هەروەها کۆرپەیەکی تەمەن سێ مانگانەشیان بەناوی "کلارا" هەیە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ مانەوە یان دەرکرانی ئەم کۆرپەیە دەرنەچووە، واتە کۆرپەکە لە فینلاند دەمێنێتەوە.
هونەر و گەشاو نازانن چی بکەن. چۆن دەکرێ دایکەکە دەربکرێ بەڵام کۆرپە سێ مانگانەکە بە تەنها لای باوکی جێبهێڵدرێ؟ هونەر دەڵێت "بە ڕاستی نازانم چی بڵێم. خێزانەکەمان خەریکە وێران دەبێت، بەڵام بۆخۆمان تەواو بێ دەسەڵات تێڕاماوین. ژنەکەم مەمکی دەدا بە کۆرپەکە، ئەی باشە چۆن دەکرێ هەروا لێرە جێیبهێڵێت و بۆ خۆی بڕوا؟"
گەشاو و منداڵە سێ ساڵانەکەیان جارێکیان بەهۆی یەکگرتنەوەی خێزانەوە داوای مافی نیشتەجێبوونیان کردووە و جارێکیش داوای پەنابەرێتییان کردووە، بەڵام لە وەڵامی هەردووک داواکاریدا بڕیاری نەرێنیان پێدراوەتەوە.
داواکاری پێداچوونەوەیان بۆ دادگای ئیداری لە شارەكەیان بەرز کردووەتەوە، بەڵام دادگاش پشتگیریی لێنەکردن. ئیستا ئەوان دادیان بۆ دادگای باڵای ئیداری بەرز کردووەتەوە و چاوەڕانن کە دادگای باڵا چ بڕیارێک دەردەکات.
وەڵامی فەرمانگای کۆچ و کۆچبەری بۆ گەشاو و منداڵە سێ ساڵانەکەیان ئەوە بووە کە "گەشاو خەلیل حەمەد تۆ ژنێکی تەندرووستی و هێز و توانای کار کردنت هەیە. لە ناوچەکەی خۆتان لە وڵاتەکەتاندا بنەماڵە و خزم و کەس و کاری ماڵی مێردەکەت هەن کە ئاگایان لێت دەبێت. بەبڕوای کۆچ و کۆچبەران لە داواکارییەکەتدا هیچ هۆکارێکی بەدیناکرێ کە دەبێ ئێمە لە بواری مرۆڤانەوە لەبەرچاوی بگرین بۆ ئەوەی کە مافی نیشتەجێیووییت پێبدرێت".
هونەر و گەشاو دانیشتووی شاری رییهیمەکین (Riihimäki) لە باشووری فینلاند، لە شاری هێلسینکییەوە 70 کم بەرەو باکوورەوە. ئەوان چاوەڕوانی بڕیاری دادگای باڵای ئیدارین و گەر بە خێرایی بریاری پۆزەتیڤ دەرنەچێت، ئەوا گەشاو و مندڵەکەیان لەم حەفتەیەدا دەردەکرێن.
لە وڵامی ئەم پرسیارە دا کە لە عێراق دا چی لە چاوەڕانیان دا دەبێت؟ هۆنەر دەڵێت "نازانین. گەشاو هیچ ژیانێکی ئیتر لەوێ نەماوە. ئەوە ڕوونە کە ئەو خێزانەکەی لەدەستدەدا، چونکە من رێگای گەڕانەوە بۆ عێراقم نییە".
هێلسینکی سانۆمات (Helsingin Sanomat) گەورەترین و بەنێبانگترین رۆژنامەی وڵاتە کە لە شاری هێلسینکی دەردەکرێت و لە ژمارەی ڕۆژی یەکشەممەی رێکەوتی 5ی حوزەیران، بۆ یەکەمجار هەواڵی دەرکرانی گەشاوی بڵاوکردەوە. تاوەكو رۆژێ دواتر لە تەواوی وڵاتدا دەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی بەدواوە بوو. هەر لەسەر تۆڕی ئینتەرنێتی ئەم رۆژنامەیەدا تاوەكو پاش نیوەڕۆی دووشەممە 300 کەس کۆمێنتیان لەسەری نووسیوە.
فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەری لەژێر بەڕێوەبەرایەتی وەزارەتی ناوخۆ دایە. وەزیری ناوخۆی فینلاند پێتتێری ئۆڕپۆ (Petteri Orpo) لەڕێگای تۆڕی توویتەری خۆی هاتە دەنگ و رایگەیاند "ئەم خێزانە عێراقییە کەوتوونەتە بارودۆخێکی نالەبارەوە". هەر بۆیە داوای شیکردنەوەی لەسەر ئەم بابەتە لە فەرمانگەی کۆچبەری کردووە.
ئەم هەواڵە بوو بە یەکەمین هەواڵی سەر لە بەیانی رۆژی دووشەممە لە زۆربەی هەرە زۆری میدیاكانی وڵاتدا. یەک لەوان ئوولێ (YLE) رادیۆ و تەلەڤزیۆنی سەرتاسەری دەوڵەتی، کە گەورەترین ناوەندی میدیایی وڵاتە، ئەم هەواڵەی لە تەلەڤیزیۆن و رادیۆ و ماڵپەڕی ئینتەرنێتی خۆیدا وەک هەواڵی سەرەکی باسکرد.
هەروەها رۆژنامەی مێترۆ وەک یەکەمین هەواڵی سەرەکی لاپەڕی یەکی رۆژنامەکەی لە دوو شەممەدا چاپکرد.
هاوكات تاریا هاڵۆنێن (Tarja Halonen) خانمی سەرۆککۆماری پێشووی فینلاند سەبارەت بەم هەواڵە هەڵوێستی گرت و لە تویتێری یەکشەممەی 5ی حوزەیراندا نووسی "هەی لە تۆ فینلاند! ئەوە خێزانە کە کۆمەڵ پتەو دەهێڵێتەوە – ئەمە هەروەها خێزانە کۆچبەرەکانیش دەگرێتەوە.
رووداو
