پەرلەمانتارێکی یەکێتی: خۆمان لەسەر سەربەخۆیی کوردستان یەکلایی نەکردووەتەوە و ئەوە پڕۆژەی پارتییە

پەرلەمانتارێکی یەکێتی: خۆمان لەسەر سەربەخۆیی کوردستان یەکلایی نەکردووەتەوە و ئەوە پڕۆژەی پارتییە
هەریەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بە لێدوانەکەی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە ڕای گەیاند، پێویستە عێراق ببێت بە 3 پارچە یان 3 کیانی کۆنفیدڕالی، نیگەرانییان دەربڕی و ڕایان گەیاند، ئەوە هەڵوێستی پارتییە و هەڵوێستی ئەوان نییە.



دوای ئەوەی پێنجشەممە 16\6\2016، مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکیدا لەگەڵ ئاژانسی (ڕۆیتەرز) ڕای گەیاند، پێویستە دوای داعش، عێراق بۆ 3 پارچە یان 3 کیانی کۆنفیدڕالی دابەش ببێت و بەوەش کێشەکان چارەسەر دەبن. لە بەرامبەردا میدیاکانی عێراق لە زاری بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕانەوە، ئەو خواستەی کوردیان ڕەت کردەوە و ڕایان گەیاند، ئەوە داوای حزبەکانی ئەوان نییە.

لەمبارەیەوە شوان داودی، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، قسەکانی مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بۆچوون و ڕای خۆیەتی و هیچ کەسێک بە فەرمی پێشنیاری دابەشکردنی عێراقی نەکردووە. گوتیشی: ”لە دوای داعش، نەخشەی ناوچەکە دەگۆڕێت و بۆچوون لەسەر ئەوە هەیە کە عێراق دابەش بکرێت، یان عێراق ببێتە هەرێمێکی فیدراڵ، یان بە هەرێمکردنی عێراق، بۆیە ئەمانە بۆچوونن لەناو هەموو عێراقدا گفتوگۆیان لەسەرە، بەتایبەتی لەناو سوننەکان و شیعە و لە هەرێمی کوردستانیش“. دووپاتیشی کردەوە: ”یەکێتی خۆی لەسەر هیچ بژاردەیەک یەکلایی نەکردووەتەوە، بەڵام لەگەڵ مافی چارەی خۆنووسینە“.

لە لایەکی دیکەوە، بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (سەما بەغداد)ی عێراقی، سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، ڕای گەیاندووە: “ئەوان لەگەڵ عێراقی یەکگرتوو و یەکپارچەن و پێیان وایە کە دەبێت کورد لە چوارچێوەی عێراقی یەکگرتوودا کێشەکانی چارەسەر بکات”. جەختیشی لەوە کردووەتەوە: "قسەکانی مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی عێراق ئیستفزازییە".
Top