لاڤرۆڤ پشتگیریی رووسیا بۆ كوردستان دووپات دەكاتەوە

لاڤرۆڤ پشتگیریی رووسیا بۆ كوردستان دووپات دەكاتەوە
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی رووسیا لە سان پترسبۆرگ كۆبوونەوە و لە دیدارەکەدا لاڤرۆڤ رایگەیاند “لەسەر پەیوەندیی دۆستانە و هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا بەردەوام دەبن”.

رۆژی پێنجشەممە 16-6-2016 لە میانی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە شاری سان پترسبۆرگی رووسیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا كۆبووەوە.

بەپێی راگەیێندراوێکی ماڵپەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا لاڤرۆڤ بەخێرهاتنێكی گەرمی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد و خۆشحاڵیی خۆی بەو سەردانە دەربڕی. “دواتر باسی لە پەیوەندییە تۆكمەكانی نێوان هەولێر و مۆسكۆ كرد بەتایبەتی كە ساڵانێكە كونسوڵی گشتیی رووسیا لە شاری هەولێر هەیە و كۆمپانیاكانی بواری وزەی رووسیا لە هەرێمی كوردستان چالاكییان هەیە”.

سەبارەت بە هاوکارییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان لەشەڕی دژی داعشدا، وەزیری دەرەوەی رووسیا باسی لە هاوكارییە سەربازییەكانی مۆسكۆ بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعش كردووە “كە هەموویان نیشانەی هەبوونی پەیوەندییەكی باشن لە نێوان هەردوولادا”، جەختی لەوەش كردەوە “لەسەر پەیوەندیی دۆستانە و هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا بەردەوام دەبن”.

لە بەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە کۆبوونەوەکەدا “باسی لە پەیوەندیی دۆستانەی دێرینی نێوان خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان و رووسیا كرد و سوپاسی ئەو هاوكارییە سەربازییانەی رووسیای كرد كە لە شەڕی دژی داعشدا پێشكەش بە هەرێمی كوردستانی كردوون و هیوای خواست كە ئەو هاوكارییانەی رووسیا بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام بن”.

هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، كارەكانی كۆمپانیای گازپرۆم نەفتی لە هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوە داوە هەبوونی كونسوڵخانەی گشتیی رووسیا لە هەولێر نیشانەی ئەوەیە پەیوەندییەكی تووندوتۆڵ لەنێوان هەولێر و مۆسكۆدا هەیە.

نێچیرڤان بارزانی هیوای خواستووە، پەیوەندییەكان لە بوارەكانی ئابووری، سیاسی، كولتووری و كشتوكاڵ زیاتر پەرەیان پێ بدرێت و لەو بوارانەدا هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكەن.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر كرا كە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و ئاماژە بەوەشدراوە “حكومەتی هەرێمی کوردسان بە باشترین شێوە پێشوازی لێكردوون و خزمەتگوزاریی پێویستی پێشكەش كردوون”، لەمبارەیەشەوە لاڤرۆڤ “دەستخۆشی لەو هەنگاوانەی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد و بەرزی نرخاند”.

تاوتوێكردنی رەوشی ناوچەكە بەگشتی و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش بەتایبەتی و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.





رۆژانەهەوال
Top