دڵشاد شەهاب: گۆڕان داوای جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانی لێكردین

دڵشاد شەهاب: گۆڕان داوای جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانی لێكردین
دڵشاد شەهاب رایدەگەیێنێت، گۆڕان داوای جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانی لە پارتی كردووە. دەشڵێت "ئەو تاکڕەوییەی نەوشیروان مستەفا باسیدەکات خۆیان خستایەنە بەردەم پارتی. ئەگەر نەوشیروان مستەفا بیتوانیبا باڵانسی هێز بگۆڕێت لە 17ی شوبات و 23ی حوزەیران دەیگۆڕی".

دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەكاتی بەشداریكردنی لە گەشتی هەواڵەكانی تەلەڤزیۆنی رووداو لەبارەی گوتەكانی نەوشیروان مستەفا كە رایگەیاندبوو، پارتی لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا تاكڕەوە، رایگەیاند "رابردووی نەوشیروان مستەفا، لەکاری سیاسی خۆیدا ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم گوتە رەنگە ببێتە گوتەیەكی دووبارەی وەرنەگیراو لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان".

لەبارەی رێككەوتنەكەی یەكێتی و گۆڕان، دڵشاد شەهاب دەڵێت "وەکو ئەوەی نە یەکێتی و نە گۆڕان بەشداری هیچ هەنگاوێکی رابردووی بەڕێوەبردن و باش و خراپەکانی ئەم وڵاتە نەبووبن، ئەمە خۆی لە خۆیدا دژبەیەکییەکە، من نازانم ئەمجارە چی بە خەڵکی سلێمانی دەڵێنەوە، ئایا دەڵێن ئەو گوتارەی بە ئێوەمان گوت هەڵەبوو، ئێمە پەشیمان بووینەوە. ئێستا دەرچوو یەکێتی حکومڕان، اش و شەریكێكی باشە و دیموکراتخوازە، چونکە ئەو قسانەی ئێستا بەڕووی ئێمەدا دەکرێن، لەگەڵ دەستپێکی دروستبوونی ئەو بزووتنەوەیە هەمان ئەو قسانە رووبەڕووی یەکێتی دەکرانەوە".

دڵشاد شەهاب دەشڵێت "ئەو تاکڕەوییەی نەوشیروان مستەفا باسیدەکات خۆیان خستایەنە بەردەمی ئێمە، كە ئێمە و ئەوان ئەو تاکڕەوییە بکەین، چاوەڕێی هاتن و نەهاتنی یەکێتی نەکەین. لە سەردەمی پێکهێنانی حکومەتدا کاتێک لە یەکەمین کۆبوونەوە چووینە لایان، گوتیان پێمان باشە هەر کەسێک بێت، بەڵام هاتنی خۆمان بەهیچ کەسێک نابەستینەوە، لەکاتی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانیش لەنێوانماندا چەندین جار گلەیی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئێمە ئەوە بووە، بۆ ئەوەندە پەرۆشی بەشداری یەکێتین، بۆ ئەوەندە چاوەڕێی یەکێتین، بۆ حکومەت رانەگەیێنین، بۆ یەکێتی ناچار نەکەین بیخەینە سووچێکەوە".

ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی راشیگەیاند "لە سێ کۆبوونەوەی شاندی هاوبەشی گۆڕان و پارتی، گۆڕان داوای رێککەوتنی سیاسی لە ئێمە کرد، وەک ئەو رێککەوتنەی ئێستا لەگەڵ یەکێتی کردوویەتی، بەڵام پارتی لەبەر یەک هۆکار رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان رەتکردەوە، ئەویش لەسەر پابەندبوونی ئەخلاقی سیاسی خۆی، بەرامبەر ئەوەی ئێمە لەوکاتدا رێککەوتنی ستراتیژیمان لەگەڵ یەکێتی هەبوو".

دڵشاد شەهاب دەشڵێت "گۆڕان لە دوو شت لە ئێمە نیگەرانە، لە یەکەمین کۆبوونەوە کە چووین لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم گفتوگۆ لەگەڵ گۆڕان بکەین، لەسەر زاری نەوشیروان مستەفا بە ئێمەیان گوت، ئەمە دەرئەنجامی ئەوەیە چونکە ئێوە ئامادە نەبوون رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ ئێمە بکەن، گۆڕان لەسەردەمی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵیاندا بەشێوازێکی دیکە درز بخەنە نێوان ئێمە و یەکێتی، بۆ ئەوەی بەشداریکردنی یەکێتی زۆرتر گرفتی بۆ دروست بکەن، داوای جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد، کە لەلایەن پارتییەوە رەتکرایەوە".

دڵشاد شەهاب گوتیشی "نەوشیروان مستەفا پێیوابێت رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی بۆ ئەوەیە بە حیسابی خۆی باڵانسی هێز دەگۆڕێت، ئەگەر نەوشیران مستەفا بیتوانیبا باڵانسی هێز بگۆڕێت لە 17ی شوباتی 2011 یان لە23ی حوزەیرانی 2015 دەیگۆڕی".

سەبارەت بەو داوایەی نەوشیراون مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، کە داوا لە پارتی دەکات پێشوازی لە شاندی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی بکات، "ئەگەر نەیکات ئەو رێگەی دیکە دەگرنەبەر"، دڵشاد شەهاب لە وەڵامدا دەڵێت "پێموایە نەوشیروان مستەفا هەموو ئەو رێگایانەی بیری لێکردووەتەوە و تاقیکردووەتە، تاوەكو دەگات بە تێکدانی ئارامی هەرێمی کوردستانیش، مەبدەئی بەلاوەنانی یەکدی لە کوردستان جێگای نابێتەوە".

لە كۆتایی قسەكانی، دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەكرد "هیوادارین ئەو هەڵەیەی نەوشیروان مستەفا هەوڵی بۆ دەدا پارتی تێبخات، یەکێتی تێنەکەوێت و نەچێتە ژێرباری رێککەوتنێکەوە پێگەی پارتی پێ لاواز بکەن، ئەگەرچی تاوەكو ئێستا لە هەڵوێستە فەرمییەكانی یەکێتی ئەوە بەرجەستە ناکەین".





رووداو
Top