فەرمانی گرتنی نەوشیروان مستەفا دەدرێت و گۆڕانیش تەنگەتاو بووە
دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر بڕیاری دەستگیركردنی نەوشیروان مستەفای رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانی داوە، لەسەر ئەو داوایەی داوكاری گشتیی لە هەولێر لەسەر تۆمارە دەنگییەكانی نەوشیروان مستەفا دایبووە دادگا، كە بەپێی داواكە "نەوشیروان مستەفا داوای تەقاندنەوەی كۆنسوڵخانەكان و بۆری نەوتی كردووە" لەو تۆمارە دەنگیانەدا.
لەسەر ئەو پرسە، شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا زۆر بە شپرزەییەوە لە سلێمانی، لەبارەی دەستگیرکردنی نەوشیروان مستەفا لەلایەن دادگای هەولێرەوە رایگەیاند " فەرمانی دەستگیرکردنی نەوشیروان مستەفا لەلایەن دادگای هەولێر دەرچووە، ئێمە وەک گۆڕان رایدەگەیێنین کە ئەو بڕیارە و ئەو دۆسیەیە رەتدەکەینەوە".
لەبارەی هۆکاری سکاڵاکە و داواکردنی نەوشیروان مستەفا لەلایەن دادگاوە، شۆڕش حاجی گوتی" هۆکاری فەرمانی دەستگیرکردنی نەوشیروان مستەفا لەلایەن دادگای هەولێر دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی تۆماری دەنگی نەوشیروان مستەفا کە وەک پارتی دەڵێت ئەو تۆمارە دەنگییە لەساڵی 2014ـەوە لەلایەنە، بەڵام دواتر بڵاویان کردووەتەوە، و دواتر داویانە بە ئاسایش و دادگای هەولێر".
سەبارەت بە دۆسییەکە، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت "ئێمە چاوەڕێی بڕیاری دادگای تەمیز دەکەین بۆ ئەوەی بزانن چی لەبارەی داواکە دەڵێن، ئەوە هەڵوێستی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕانە، هەروەها ئێمە چاوەریی بڕیاری دادگای تەمیز دەکەین چونکە پارێزەرەکەی کاک نەوشیروان تانەی لە بڕیارەکەی دادگا داوە".
رووداو
