دیندار زێباری: لە شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە ١٢ هەزار کەس لە سنووری ناوچەی مەخمور خۆیان رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە

دیندار زێباری: لە شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە ١٢ هەزار کەس لە سنووری ناوچەی مەخمور خۆیان رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام تۆمەتی ئەوە دەخەنە پاڵ هێزەکانی پێشمەرگە کە رێگا نادەن خەڵکی ناوچە ئازادکراوەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان یاخود بە زۆر لە شوێنەکانی خۆیانیان دوور دەخەنەوە لە کاتێکدا کە خەڵکی ئەم ناوچانە ئارەزووی مانەوەیان هەیە لەسەر زێدی خۆیان هەیە. د. دیندار زێباری، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام هاوکاری هاووڵاتیانی عەرەبیان کردووە لە گەڕانەوە بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئاوەدان کردنەوە و پاراستنی گوندەکانیان و بێ جیاوازی لەگەڵ کوردەکانی ئەو ناوچانەی کە رزگارکراون هەموو پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین کردوون.

سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت "دامودەزگا حکومییەکان هۆکار نین بۆ نەگەڕانەوەی خەڵک بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەڵکو بە گوێرەی توانا هاوکاری تەواویشیان دەکەن، بەڵام زۆربەى گوندەکان بە جۆرێک وێران بوونە کە بۆ ژیانی خەڵک ناشێ و تەنانەت یەک خزمەتگوزاری سەرەتاییشیان تێدا نییە. سەبارەت بە ڕاگواستنی خەڵک لە ناوچەکانی خۆیان وەک نموونە لە سنووری میحوەری مەخمور- گوێڕ رێگا نەدراوە یەک ماڵى کورد لەجێى ماڵە عەرەبێک نیشتەجێ بکرێت ئێمە تەحەممولى بەرپرسیارێتى دەکەین وە ئەو لایەنانە ئیدیعای ئەم کردارە دەکەن زانیاریان لە شوێنى دروست وەرنەگرتووە داوا دەکەین پێکەوە سەردانی ئەو شوێنانە بکەین و خۆیان بەچاوى خۆیان ئەو ناوچانە ببینن کە رەوشەکە لە رووی ئەمنی و خزمەتگوزاری لە چ ئاستێکدایە".

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکات هێزەکانی پێشمەرگە هاوکاری خەڵکی سڤیلیان کردووە و هاوکاری ئەو کەسانەیان کردووە کە بەهۆی بوونی مەترسی لەسەر ژیانیان لە ناوچەکانی خۆیان ئاوارە بوون و هاتوونەتە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە بە جۆرێک کە لە شەش مانگی رابردوودا لە سنووری ناوچەی مەخمور ١٢ هەزار و ٦٤٣ کەس لە خاڵەکانی پشکنینی پێشمەرگەوە خۆیان رادەستی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە.

لە کۆتاییدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتەنێودەوڵەتییەکان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکومەت و هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی مەخموور و دەوروبەری بە هیچ شێوەیەک رێگر نین لە گەڕانەوەی خەڵک بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەجۆرێک بەشى هەرە زۆرى فەرمانبەران گەڕاونەتەوە و دەوامى ئاسایى خۆیان دەکەن.

لەلایەکی دیکەشەوە چەندین گوندى تر بەهۆی ئەوەی کە دەکەونە سەر هێلى تەماس و مەترسیان لەسەرە خەڵکەکەی ناگەڕێنەوە ئەویش بەهۆی ئەوەی کە لە ناوچەى شەڕەوە نزیکن چۆڵن و هیچ پەیوەندی بە کورد بوون یان عەرەب بوونیانەوە نییە.
Top