"هاووڵاتیانى ناوچه سنووریه‌كان داواكارن په‌كه‌كه گونده‌كانیان جێبهێڵێت"
(جابر سه‌عید) كه هاووڵاتیه‌كی ناوچه سنوورییه‌كانه بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتى:" داواكارین په‌كه‌كه و سوپای توركیا ڕه‌چاوی ژیان و گوزه‌رانی كاسبكاران و دانیشتووانی ناوچه سنوورییه‌كان بكه‌ن و ئاڵۆزییه‌كانی خۆیان له گوند و ئاواییه‌كان دوور بخه‌نه‌وه، تا بتوانین به ئارامی بژین و په‌ڕه به بواری كشتوكاڵی و گه‌شتیاری بده‌ین، چونكه ساڵانه به هۆی بۆردوومانه‌كانه‌وه به سه‌دان سه‌ر ئاژه‌ڵ ده‌بنه قوربانی، له‌و قه‌یرانه‌شدا ئه‌گه‌ر كاسبه‌ت نه‌كه‌ین ئه‌ی چی بكه‌ین، بۆیه داواكارین حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌رچی زووه كار بۆ دوورخستنه‌وه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌یش بتوانین به ئاسایی ژیانی خۆمان به‌ڕێ بكه‌ین.
(سه‌عید) گوتیشی: به هۆی نزیكی بنكه و باره‌گاكانی په‌كه‌كه له ئاواییه‌كانی ئێمه‌وه، تائێستا چه‌ندین هاووڵاتی به هۆی بۆردوومانه‌كانی توركیاوه بۆ سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی ئه‌وان بوونه‌ته قوربانی، بۆیه داوا له په‌كه‌كه ده‌كه‌ین چی دیكه ده‌ست نه‌خاته ناو كاروباری هاووڵاتیانی ناوچه سنوورییه‌كان و بنكه و باره‌گاكانی خۆی له گوند و ئاواییه‌كان بباته ده‌ره‌وه.
(سه‌ركه‌وت لیاس) هاووڵاتیه‌كی دیكه‌ی سنووری شارۆچكه‌ی مێرگه‌سۆره، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ: گونده‌كه‌مان ده‌كه‌وێته سه‌ر سنووری باكوری كوردستان كه زیاتر له 35 ساڵه ئاواره بووینه، ئێستایش له سۆران نیشته‌جێین، نازانین چی بكه‌ین تا ئێستایش هیچ شتێك دیار نیه كه‌ی ده‌گه‌ڕێینه‌وه گونده‌كه‌مان، زۆر جار به هاوین هه‌وڵمان داوه بگه‌ڕێینه‌وه، به‌ڵام په‌كه‌كه ڕێگریمان لێ ده‌كات و ناهێڵن به ئاسانی بچینه‌وه گوندی باب و باپیرانمان، ئه‌گه‌ر گونده‌كان ئاوه‌دان كرابانه‌وه، هه‌م بۆ ئێمه هه‌م بۆ حكوومه‌ت زۆر باش ده‌بوو، بۆیه داواكارین هه‌رچی زووه په‌كه‌كه بنكه و باره‌گاكانی خۆیان له گونده‌كانی ئێمه بباته ده‌ره‌وه و بگه‌ڕێته‌وه باكوری كوردستان.
(حه‌ته‌م ئیسماعیل) كه هاووڵاتیه‌كى ده‌ڤه‌ری سیده‌كانه، به‌م شێوه‌یه بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دوا و گوتی: "ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه به به‌رده‌وامی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆردوومانی ناوچه گوندنشینه‌كانی ده‌ڤه‌ری سیده‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌یش به ده‌یان قوربانی به دوای خۆیدا هێناوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش زیانێكی زۆری ماددی به دانیشتووانی ناوچه‌كه گه‌یاندووه، هه‌روه‌ها ژیانی له خه‌ڵكی ناوچه‌كه تێكداوه و ژیان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو سه‌ختبووه، بۆیه داوا له پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌كه‌ین بنكه و باره‌گاكانی خۆیان له گوند و ئاواییه‌كان بباته ده‌ره‌وه و ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چۆڵ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی چیدیكه خه‌ڵكی سڤیل نه‌بێته قوربانی ده‌ستی توركیا و په‌كه‌كه.
(نێچیرڤان خۆرشید)یش كه هاووڵاتیه‌كی دیكه‌ی ناوچه سنووریه‌كانه بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاوا ده‌دوێت، ساڵانه له كاتی خۆشی و ئارامی سه‌دان تۆن به‌رهه‌می كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری و هه‌نگوین له ناوچه‌كه به‌رهه‌م دێت، به‌ڵام له ئێستادا به‌هۆی مه‌ترسی به‌رده‌وام له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتیان و پاراستنی سه‌لامه‌تی گیانیان، كشتوكاڵ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌و ناوچانه ڕووی له پاشه‌كشه‌كردووه و هاووڵاتیان ناتوانن به‌رهه‌مێكی زۆر‌و باش به‌رهه‌مبهێنن، ئه‌وه‌ش ژیانی هاووڵاتیانی سه‌ختتركردووه له كاتێكدا قه‌یرانێكی دارای له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه.
(خۆرشید) گوتیشی: "ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه له ناوچه‌كه دوور بكه‌وێته‌وه و توركیایش بۆردوومانی ناوچه‌كه نه‌كات، ئه‌وا قه‌یرانی دارایی هیچ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئێمه نابێت و ده‌توانین به ده‌ستی خۆمان بژێوی ژیانی خۆمان دابین بكه‌ین، بۆیه داواكارین له حكوومه‌تی هه‌رێم داوا له هه‌ر دوو لایه‌ن بكات، چیدیكه باروگوزه‌رانی هاووڵاتیانی ناوچه سنوورییه‌كان نه‌خاته مه‌ترسی، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به ئاسایی ژیانی خۆمان ببه‌ینه سه‌ر.
(شه‌ریف حاجی) له ده‌ڤه‌رى ئامێدییه‌وه بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان دوا و گوتى: "به هۆی هه‌بوونی بنكه و باره‌گاكانی په‌كه‌كه له گونده‌كه‌مان و بۆردوومانه‌كانی توركیا، ئه‌وه بۆ ماوه‌ی زیاتر له 20 ساڵه گونده‌كه‌مان چۆڵكردووه و هه‌ر یه‌كه و ڕوومان له ناوچه‌یه‌ك كردووه، بۆیه ئه‌گه‌ر بێت و په‌كه‌كه ناوچه‌كانی ئێمه چۆڵ بكات و توركیا بۆردوومانی ناوچه‌كه نه‌كات، ئه‌وا ئێمه ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر گونده‌كانی خۆمان و كاری كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌یش هه‌م بۆ ئێمه باش ده‌بێت هه‌م بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم، بۆیه داوا له په‌كه‌كه ده‌كه‌ین گونده‌كانی ئێمه چۆڵ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر گوند و ئاواییه‌كانی خۆمان".
KDP
