لیژنهى كشتوكاڵى پهرلهمان: دهبێ حكوومهت بهپهله بیرێك له جووتیارانی ههرێم بكاتهوه
(بهشار مشیرئاغا گۆران) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتى: "بەداخەوە ھەر لەسەرەتای وەرزی دروێنەی ئـەمساڵهوه حکوومەتی عێرا کەوتە بیانوو بۆ وەرگرتنی دانەوێڵەی جووتیارانی ھەرێم و، یەکەم جاریش لەوهوە دەستیان پێکرد تا بە وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم ناوی سەرجەم جووتیارانی ھەرێم بۆ وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی بنێرێت بە پاساوی ئـەوەی گەنمی وڵاتانی ئـیقلیمی ھاوردەی ھەرێم دەکرێت و لەگەڵ بەرھەمی خۆماڵی تێکەڵ دەکرێت و ڕادەستی سایلۆکان دەکرێت، وەزارەتی کشتوکاڵیش ناوی سەرجەم جووتیاران وکۆی ئـەو ڕووبەرە زەوییەی بەکاری دێنن لەگەڵ دیاریکردنی ژمارەی جووتیارانی خاوەن مافی بەکارھێنان و گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ ناردن، بەڵام وەزارەتی بازرگانیی حكوومهتی فیدراڵی دوای (15) رۆژ ئهوجار پەسەندی کرد، ئـەوەش بووە ھۆی دواکەوتنی کردنەوەی سایلۆکانی ھەرێم بۆ ماوەی (15) ڕۆژ، دواتر بە نووسراویان (11641) لە 2016/5/25 بڕیاریان دا بەڕێژەی 10٪ داشکاندن بکەن لە پێشبینیی پلانی کشتوکاڵی لە سایلۆکانی ھەرێم واتە بۆ ھەر دۆنمێک زەوی (450کگم) گەنم بەرھەم بێی و وەربگیرێت لە سایلۆکان لەکاتێکدا بەھۆی زۆری رێژەی باران بارین مەزەندە دەکرێت لە ھەر دۆنمێک زیاتر لە (800کگم) بەرھەم ھاتبێت.''
(ئاغا) گوتیشی: "لە ناوەڕاستی پرۆسەی وەرگرتنی بەرھەمی دانەوێڵە وەزارەتی بازرگانی عێراق بە نووسراویان ژمارە (13500) لە 2016/6/15 کە ئـاراستەی سایلۆکانی ھەرێم کراوە بڕیاری داوە ڕێژەی داشکاندنی پێشبینی پلانی کشتوکاڵی لە 10٪ بکاتە 30٪ بەم بڕیارە نادادپەروەرەش دەرگای سایلۆکانی ھەرێم دادەخرێت و چیتر بەرھەمی جووتیاران وەرناگیرێت لەکاتێکدا50٪ ی بەرھەمی جوتیارانی کوردستان تا ئـێستا لە چاوەڕوانیی ڕادەستکردنە بە سایلۆکانـ ئـەم بڕیارانەی حكوومهتى عێراقیش ئـامانج لێی شکستپێھێنانی کەرتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان و پاشەکشە پێکردنی جووتیارانە لە چاندن و زیانگەیاندنە بە ئـابووریی کوردستان و لێدانە لە داھاتی نەتەوەیی، بێجگە لەوەی بەغدا مەبەستیەتی جووتیارانی کوردستان لە حکوومەتی ھەرێم ھان بدات.''
ئهو ئهندامهى لیژنهى كشتوكاڵ دهشڵێت، وەکو لیژنەی کشتوکاڵى پەڕلەمانی کوردستان داواکارییەکی بە پەلەمان ئـاراستەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم کردووە كه جەخت لەوە دەکەینەوە پێویستە حکوومەتی ھەرێم و نوێنەرانی کورد ھەنگاوی بە پەلە و پراکتیکی بنێن بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئهم بڕیاره، ئـەگەر ئـەوەش نەکرا ئـەوە پێویستە حکوومەتی ھەرێم بە ھەر نرخێک بێت گەنمی جووتیاران کە 50٪ی ڕادەستی سایلۆکان نەکراوە بکڕێتەوە، بە ھەمان نرخی دیاریکراو لە لایەن حکوومەتی عێراقهوه، و بەڕەچاوکردنی قەیرانی دارایی ئـەگەر بە قەرزیش بیکڕێتەوە لە جووتیاران ئـەوە ئـەلتەرناتیڤێکی باش دەبێت.''
KDP
