حدکا: 20 ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون و بریندارن
روستەم جەهانگیری، بەرپرسی کۆمیسیونی سیاسی- سەربازی حدکا رایگەیاند: "لە ئەنجامی شەڕی رۆژی رابردووی پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە لەگەڵ سوپای پاسداران 6 کەس لە هێزە سەربازییەکان ئێران کوژراون و 14 کەسیش بریندار بوون".
بەگوتەی جەهانگیری، کوژراوەکان چوار کەسیان لە ئەندامی سوپای پاسداران بوون کە دوو کەسیان ئەندامی خۆجێی سوپا بوون. هەروەها دوو کوژراوەکەی دیکەش سەربە هێزەکانی پۆلیسن.
بەپێی زانیارییەکان حاجی سەمەد، جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی شنۆ سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 16-6-2016 لە شەڕی نێوان هەردوولا کوژراوە و شەڕیش بەردەوامە. سوپای پاسداران تاوەکو ئێستا ئەم زانیاریانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. بەڵام میدیای نزیک لە سوپای پاسداران، کوژرانی دوو ئەندامی سوپای پاسدارانی خەڵکی شنۆی پشتڕاست کردووەتەوە.
موحەممەد پاکپور، فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران، ئیوارەی رۆژی چوارشەممە15-6-2016 گوتی: "دوو تیمی تیرۆریستی لە ناوچەی شنۆ و لەلایەن هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سوپای پاسدارانەوە کراونەتە ئامانج و ژمارەیەک لەوانیان کوشتووە".
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا کە ئاژانسی فەرمی حکومەتی ئێرانە، لە زاری ئەندامانی خۆجێی سوپای پاسدارانەوە بڵاوی کردووەتەوە کە 8 ئەندامی حدکا کوژراون و تەرمەکانیان لەژێر دەست سوپای پاسدارانە.
لەو شەڕەدا هێزەکانی سوپای پاسداران بە ئار پی جی دوو ماڵیان لە گوندی قەرەسەقەل لە ناوچەی شنۆ ئاگر تێبەرداوە.
بەپێی زانیارییەکان، سوپای پاسداران هێزێکی زۆری سەربازی لە ناوچەی شنۆ و بەتایبەت لە ناوچەی حەسەن نووران و پرداوێ جێگیر کردووە و تۆپبارانی ناوچەکانی قەرەسەقەل و سەرگیز بەردەوامە.
رووداو
