سەرکردەیەکی پارتی: بەبێ ئێمە ھیچ شتێک لە پڕۆسەی سیاسی روونادات

سەرکردەیەکی پارتی: بەبێ ئێمە ھیچ شتێک لە پڕۆسەی سیاسی روونادات
سەکردەیەکی پارتی ھەڵوێستی حیزبەکەی بەرامبەر رێککەوتنی سیاسی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێت "بەبێ پارتی ھیچ شتێک لە پڕۆسەی سیاسی روونادات".

رۆژی شەممە 14-5-2016، ھەر یەک لە جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە جیا رەشنووسی رێککەوتنی سیاسی نێوانیان پەسەندکرد.

ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی رایگەیاند " پارتی رێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی پێخۆشە و حەز دەکات ئەو دوو لایەنە و لایەنەکانی دیکەش رێککەوتنیان لەنێواندا ھەبێت، رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی بەشێکی پەیوەندی بە خۆیانەوە ھەیە، بەشێکی دیکەش پەیوەندی بە پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، بە بڕوای ئێمە لەم بابەتە بەبێ پارتی ھیچ شتێک لە پڕۆسەی سیاسی روونادات".

حەسۆ میرخان گوتیشی "پارتی ئەو رێککەوتنە بە مەترسی نازانێت، بەڵام پرۆسەی سیاسی و کاراکردنەوەی پەرلەمان و دیاریکردنی جۆری سیستەمی سیاسی و ھەڵبژاردنی سەرۆک بە قسەی گۆڕان و یەکێتی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ھەموو لایەن و پێکھاتەکانەوە ھەیە بەتایبەتی پارتی وەک حیزبی ژمارە یەک".

ئەو سەرکردەیە پارتی راشیگەیاند " ئێمە چاودێری دۆخەکە دەکەین و لەگەڵ یەکێتی دادەنیشین لەبارەی ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە حوکمڕانی و سیستەم و پرۆسەی سیاسی، بەڵام جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە، ئەوەی پەیوەستە بە پڕۆسەی سیاسی و سیستەمی سیاسی بە قسەی گۆڕان و یەکێتی نییە، لە رابردووشدا ئەو سەلماوە کە بەبێ پارتی ھیچ جوڵەیەک لە پرۆسەی سیاسی سەرناگرێت".

گۆڕان و یەکێتی دووپاتی دەکەنەوە رێککەوتنەکەیان دژی هیچ لایەنێکی دیکە نییە، بەڵام هەندێ لێکدانەوە هەن رێککەوتنی هەردوولا بە کردنەوەی بەرەیەک بەرامبەر پارتی ناودەبەن، کادیرانی پارتی دەڵێن هیچ رێککەوتنێک سەرناگرێ ئەگەر ئامانجی بچووککردنەوەی قەبارە و کاریگەریی پارتی بێت.

بەگوێرەی رەشنووسی رێککەوتنی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان، کە پەسندکراوە و رەنگە هەندێک دەستکاری کەمی بکرێت، هەردوو لایەن لەسەرئەوە رێککەوتوون "سیستەمی هەرێمی کوردستان پەرلەمانی بێت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت" كە پارتی دژی ئەمەیە. هەروەها لە رێککەوتنەکەدا جەخت لە بەدامەزراوەییکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ کراوەتەوە.

لە رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕاندا ئەوەش هاتووە "حوکمڕانی دامەزراوەیی لەسەر بنەمای شەراکەتی راستەقینە بێت و دەستووری هەرێمی کوردستان دەستەبەری دەستاودەستکردنی دیموکراسیانەی دەسەڵات بکات".

رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان جەخت لە دەستبەکاربوونەوەی بێمەرجی پەرلەمان و کۆتاییهێنان بە سیمای دوو ئیدارەیی دەکاتەوە و سەبارەت بە دەسەڵاتی پارێزگاکانیش وەک لەرەشنووسەکەدا هاتووە "ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەسەڵاتی کارگێڕی تەواویان هەبێت".

لە رێککەوتنەکەدا باسی ئەنجامدانی چاکسازیی سیاسی، کارگێڕی و ئابووری كراوە و پەیوەندییەکانی دەرەوەش بڕگەیەکی دیکەی نێو رەشنووسەکەیە و، داوای بەدامەزراوەییکردنی دەکەن لەسەر بنەمای بەشداری لایەنەکان بەگوێرەی قەبارەی خۆیان. لە رێككەوتنەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە "میدیای هەردوولا پەرە بە گیانی تەبایی بدەن".

لەسەر ئاستی عێراق و ناکۆکی پێکهاتەکانیش، لە رەشنووسی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕاندا هاتووە " کورد نەبێتە بەشێک لە ناکۆکی تاییفی لە عێراق". هەروەها باس لەوەش كراوە بە لیستێكی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكەن.





رووداو
Top