ئاراس حەسۆ میرخان: پێشتر دەرکەوتووە کام لایەن دەیەوێت خۆی بسەپێنێت

ئاراس حەسۆ میرخان: پێشتر دەرکەوتووە کام لایەن دەیەوێت خۆی بسەپێنێت
رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان رۆژی چوارشەممە 15-6-2016 لە کۆبوونەوەی لەگەڵ هەڵسوڕاوانی گۆڕان ئاماژەی بەوەکردبوو، کە لەگەڵ یەکێتی کۆتایی بە تاکڕەویی دەهێنین لە بڕیارداندا، ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتیش دەڵێت "پێشتر دەرکەوتووە چ لایەنێک دەیەوێت بۆچوونەکانی بەسەر میللەت و پارتەکانی دیکەدا بسەپێنێت".

ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 8 ی رووداو، رایگەیاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی رابردوودا هەڵوێستی خۆی بە راشکاوانە دەربڕیوە کە نایەوێت لەگەڵ شاندی هاوبەشی یەکێتی وگۆڕان کۆببێتەوە".

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی هەروەها گوتی" پارتی لەگەڵ یەکێتی کۆدەبێتەوە و دوای ئەوەی بەرچاو روونی و ئەنجامی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ یەکێتی بۆ دەرکەووت، ئەوکات بڕیاردەدات ئایا لەگەڵ گۆڕان کۆدەبێتەوە یان نا، بەڵام ئێستا پارتی ئامادەنییە لەگەڵ گۆڕان کۆببێتەوە".

لەبارەی گوتەکەی نەوشیروان مستەفا، کە گوتبووی، لەگەڵ یەکێتی کۆتایی بە تاکڕەویی دەهێنین لە بڕیارداندا، ئاراس حەسۆ میرخان ئاماژەی بەوەکرد: "ئەو قسەیە لەوانەیە مەبەستیان پارتی بێت، بەڵام ئەوە راست نییە، چونکە لەرابروودا ئەوە بۆ گەلی کورد دەرکەوتووە چ لایەنێک دەیەوێت بۆچوونەکانی بەسەر میللەت و پارتەکانی دیکەدا بسەپێنێت، بۆیە پارتی لە بابەتە نەتەوەییەکاندا هەمیشە رێزی لایەنەکانی دیکەی گرتووە بەتایبەت کە پرسی دەستوور لە پەرلەمان تێپەڕی پارتی لەبەر خاتری لایەنەکان پرۆژەکەی راگرت".

ئاراس حەسۆ میرخان هەروەها گوتی" لە دوا کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی وپارتی، بەڕاشکاوانە باسی ئەوەکراوە کە دەبێت پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەناو خەڵکدا بێت و هەروەها دوو رێگە باسکراون، یەکێکیان ئەنجامدانی سازان و رێککەوتنێکی نوێی سیاسییە، یانیش دەبێت بگەڕێینەوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت".



رووداو
Top