ژنێک دەکوژرێت و بکوژەکەشی دەستگیردەکرێت

 ژنێک دەکوژرێت و بکوژەکەشی دەستگیردەکرێت
لە گوندی بافکێی سنووری قەزای شێخان ژنێک بە کوژراوی دۆزرایەوە و گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆكیش دەڵێت ، دوای تێپەڕبوونی چەند کاژێرێک لە رووداوەکە تاوانبار دەستگیردەکرێت.

رائید هێمن سلێمان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆك راگەیاند" دوای ئەوەی لەلایەن هاونیشتمانیانی قەزای شێخان پۆلیس ئاگاداردەکرێتەوە بەبوونی رووداوێکی کوشتن، دەستبەجێ پۆلیسی ناوچەکە دەگەنە شوێنی مەبەست و ژنێکی سەرووی تەمەن 30 ساڵ بە کوژراوی دەدۆزنەوە".

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆك گوتیشی "ژنەکە ناوی (ب،ن،ح) ە و خەڵکی هەولێرە، دوای دۆزینەوەی تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی داد لە دهۆک کراوە".

ئاماژەی بەوەشدا " دوای تێپەڕبوونی چەند کاژێرێک بەسەر دۆزینەوەی تەرمی ژنەکە، پۆلیس توانی بەزووترین کات تاوانبار بەناوی (م. ص. ح ) بەپێی ماددەی 406 دەستگیربکات".

هێمن سلێمان، گوتیشی "پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە لەلایەن پۆلیسی قەزای شێخان بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و پۆلیس لە لێکۆڵینەوەی بەردەوامە دایە".
Top