ھاووڵاتیان: پەکەکە دەستی کەشفە؛ ڕاسپێڕدراوە ئەزموونی کوردی و ئاوەدانییەکەی بشێوێنێت
لەبەر پەکەکە، خەڵکێکی زۆر زەرەریان کردووە یان کەسیان لێ کوژراوە؛ لە پارێزگای هەولێردا، ١٧٧ گوند هەروا چۆڵوهۆڵ داکەوتوونە؛ لەبەر شەڕ و ئاژاوەی تورکیا و پەکەکە کەس ناوێرێ ئاوەدانیان بکاتەوە؛ سیاسەتی پەکەکە تێکدانی گوندەکان و، سستکردنی گەشانەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستانە؛ ئەوەتا دەیانەویست لوولەنەوتی هەرێم دابڕزێنن؛ منداڵە کوردیان دەڕفاند و، دڵەڕاوکێیان دەخستە دڵی خەڵکی کوردستانەوە، هەر لەبەر ئەوەی ئەم هەرێمە وا خەریکە دەبێتە دەوڵەت؛ خەڵکی کوردستان باش درکیان بەو مەترسییەی پەکەکە کردووە و دەستی پەکەکەیان لێ کەشف بووە.
(د. فکری عەزیز) مامۆستای زانکۆ لە شاری ھەولێرەوە ڕاگەیاند: "ئەکەر کەمیک بگەڕێینەوە دواوە و بنواڕینە میژووی نزیکدا، ئەوا دەبینین کەوا ھەندێک جار لێدوانەکانی پەکەکە زۆر بە ئاشکرا دژایەتیی ئەزموونی کورد دەکات، بەبێ شاردنەوەی پەیوەندییەکەیان بە دژمنانی کوردەوە. ئەمە شتێکی شاراوە نییە بۆ تاکی کورد، بەڵکو لە ھەندێک لێدوانیان بە ئاشکرا گوتوویانە، تێکدانی ئەم ئەزموونەی کورد بە ئەرکی خۆیان دەزانن!"
(عەزیز)گوتیشی: "ساڵح مسلیم، ئەویش دیارە ڕێک بە بڕیاری ئێران و سووریا کار دەکات، ھەر زوو خوێ جیا کردووەتەوە و دژمنایەتیی ڕاگەیاندووە، تەنانەت بە پەیوەندییە ئاشکراکەی لەگەڵ (ڕژێمی سووریا)دا ناشارێتەوە. بۆیە پێم وایە ھیچ کات ئەم باڵەی خەڵکانێک گرەوی سەربەخۆیییان لەسەر دەکردن ھەڵە بوون، چونکە خۆشیان ئەو ئامانجانەی باسیان لێوە دەکرد وەک کوردستانی گەورە و ھەرچوار پارچە، باوەڕیان پێ نەبوو؛ نەک کاریان بۆ نەکرد بەڵکو بە کردەوە دژی وەستاونەتەوە؛ پێم وایە تاکە کەس بتوانی زامنی بەدیهێنانی دەوڵەتی کوردی بێت تەنها جەنابی کاک (مەسعوود بارزانی)ـیە."
(دەژین ئەکرەم) بەڕێوەبەری ناسنامەی باری شارستانی مەخموور گوتی: "(پەکەکە) بە تەنھا کاریان خوفرۆشی و تێکدانە؛ بە فیتی دژمن کار دەکەن؛ ھیچ کات ھەوڵ نادەن تا ئاوەتەکانی گەلی کورد بێتە دی تەنھا کاریان تێکدانی ئارامی و خۆشگوزەرانیی گەلی کوردە؛ دەستیان لەگەڵ دژمندا تێکەڵ کردووە هەموو هەوڵێکی سەرۆک بارزانی لەبار ببەنەوە نەکا دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێنێت؛ (ساڵح مسلیم) لە سەرەتاوە دژی دامەزرانی دەوڵەتی کوردی بووە؛ هەر بەوەدا دیارە چۆن خزمەت بە دژمنانی کورد دەکات."
(سدیق بارزانی) ـ خەڵکی مێرگەسۆر ـ دەربارەی ئەو دژمنایەتییەی پەکەکە دەرهەق بە ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "پەکەکە زەرەر و زیانێکی زۆری لە خەڵکی لاشەڕی کوردستان و بە تایبەتی خەڵکی ناوچەکانی سنووری سیدەکان و شارۆچکەی مێرگەسۆر داوە؛ لێرەولەوێ مێرمنداڵ دەڕفێنن، ھەموویشی هەر بۆ لەباربردنی هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە؛ پەکەکە با لەبیریان بێت ئەگەر جەنابی (سەرۆک بارزانی) نەبایە ساڵی (٢٠١٠) لەلایان تورکیا ھەموو خاڵەکانی قەندیلیان تۆبباران دەکران لەلایەن تورکیا بەڵام جەنابی سەرۆک قبووڵی نەکرد."
فەرماندەی پێشمەرگە (مەھاباد بەخشی) گوتی : "پەکەکە لە خەتی نەتەوەیی لای داوە، بووەتە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی پلانی دژمنانی گەلی کورد، ئێستا وەک تاکە حزبی سیاسی بۆ ئەم مەرامە دژایەتی خۆی بە ئاشکرا و بێشەرمانە دژی دەوڵەتی کوردی ڕایگەیاندووە و، دیسان لە شنگال و ناوچەی سەر سنوور دەست لە کاروباری ھەرێم وەردەدات، بووەتە ئاستەنگ و دەست خستووەتە دەستی حکوومەتی مەرکەزییەوە، دژایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکەن."
ڕاگەیاندکار (ناسر مراد) لە شاری کۆیە ڕاگەیاند: "خوێندنەوەی پەکەکە لە مەسەلەی نەتەوەیی لە چوارچێوەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکدایە، دیارە کە باسی نەتەوە دەکرێ باسی دەوڵەتی نەتەوەیی و باسی سنووری نەتەوەیی دێتە ئاراوە، بەڵام ئەگەر سەیری کۆنفیدرالیزمی دیموکراتێک بکەین، ئەم سیستمە دژ بە ھەردووکیانە. واتە پەکەکە دژی ناسیونالیزمی کوردە! چونکە پرۆژەی ناسیونالیزم پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەییە، کە لەودا سنووری دەوڵەتی نەتەوەیی بە ڕوونی دیاری دەکرێ. ئەم خوێندنەوە ھەرچوار پارچەی کوردستان دەگرێتەوە."
(مراد) گوتیشی: "دەستێوەردانەکانی پەکەکە لە باشوور دەگەڕێتەوە بۆ دوای ڕاپەڕینی باشووری کوردستان، پەکەکە بەرنامەی داگیرکردنی دھۆک و زاخۆی لە کەللەدا بوو؛ ئێستایش دەست لە کارووباری ناوخۆی کوردستان وەردەدات، ئەم دەستێوەردانە تا شەڕی ناوخۆیی درێژەی بوو، تا وای کرد ناخۆشی لە نیوان ھەردوو حزبی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ڕووی دا، لە نامەیەکدا، (ئۆجەلان) بۆ کۆنگرەی دەیەمی پەکەکەی دەنێری دەڵێ باشووری کوردستان ئیسرائیلی دووھەمە! ناوھێنانی کوردستانی باشوور بە ئیسرائیلی دووھەمەم شتێکە کە تەنیا لە زاری (ڕەفسنجانی) سەرکۆماری پێشووی ئێرانەوە بیستراوە و ئۆجەلان دووپاتی کردەوە! ئەم دەستێوەردانە ئێستاش درێژەی ھەیە، بە تایبەتی وا لە شنگالدا گەیشتووەتە لووتکە."
