چاودێرێکی سیاسی: پەکەکە بووەتە داردەستی وڵاتانی ناوچەکە و دژایەتیی کورد دەکات

 چاودێرێکی سیاسی: پەکەکە بووەتە داردەستی وڵاتانی ناوچەکە و دژایەتیی کورد دەکات
چاودێرێکی سیاسی دەڵێ، پەکەکە دەیەوێ سیاسەتی خۆی بەسەر باکوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا بسەپێنێ؛ بووەتە داردەستی وڵاتانی ناوچەکە و، دژایەتیی کوردی پێ دەکەن.

چاودێری سیاسی (مەھدی حاجی) ڕاگەیاند: "بۆ خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان ڕوون بووەتەوە کە دەسەڵاتێک ھەیە چۆن ڕەفتاریان لەگەڵ دەکات؛ ئا لەو دەرفەتە زێڕینەی ھاتووەتە پێشەوە، پێویستە کورد یەکگرتوو بن و، بیقۆزنەوە، کەچی حزبێک تاکلایەنە حوکم دەکات و، لایەنەکانی دیکەی پشتگوێ خستووە!"

(مەھدی حاجی) گوتیشی، کەی ڕەوایە پەکەکە و پەیەدە بە زۆر باج لە خەڵک وەربگرن و، چەک بدەن بە شانی منداڵدا و بیبەنە شەڕ! یاسای نێودەوڵەتییش ئەم بەزمەی پێ قەدەغەیە.

دەیشڵێ بەداخەوە پەکەکە بووەتە داردەستی وڵاتانی ناوچەکە و، بە گوێرەی نیازی ئەوان دەجووڵێنەوە؛ ئەوەتا پەکەکە لە ھەرچوار پارچەی کوردستاندا چەند لایەنێکی بۆ خۆی دروست کردووە، ھیچ ئامانجیشیان دیار نییە.

(حاجی) ڕوونیشی کردەوە، پەکەکە لە باکووری کوردستانیشدا هێشتاا پرۆژەیەکی نییە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد؛ ئەو پڕۆژەیەش وا ھەبوو لە سایەی سەرۆک بارزانیدا خەریک بوو سەری دەگرت؛ (ئەردۆگان)یش ئاخر جارێ وا سەردانی ھەرێمی کرد بەڵێنی دا پرسی کورد چارەسەر بکات و، پێشکەوتنی باشیشی بەخۆیەوە بینیبوو، بەڵام پەکەکە بە فیتی وڵاتانی دەوروبەر کارەکەی تێک دا.

ئەو چاودێرەی سیاسەت ڕاشیگەیاند، پەکەکە لەجیاتی ھەوڵدان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی پەنای بردە بەر شەڕ کە ئەمەش لە تاقیکردنەوەکانی پێشوو ھیچ کات سەرکەوتوو نەبووە؛ وا ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستانیشدا دیار نییە کورد لەپێناو چی شەڕ دەکات.
Top