ڤیان دەخیل: پرۆژەیەک لە ئەمەریکا هەیە بۆ هاوکاریکردنی شنگال و کوردستان

 ڤیان دەخیل: پرۆژەیەک لە ئەمەریکا هەیە بۆ هاوکاریکردنی شنگال و کوردستان
پەرلەمانتارێک ئاماژە بەوە دەکات کە کەیسی ئێزدییەکان گەیێنراوەتەوە ئەمەریکا و کاری جددیی لەسەر دەکرێت.

ڤیان دەخیل نوێنەری ئێزدییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموکراتیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەیەک لەمەوبەر شاندێک لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا کۆ بووینەوە؛ بەتایبەت لەگەڵ "برێت مارکۆرگ" نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، قسەیان لەسەر ئایندەی ناوچەکە دەکرد، بەتایبەتی دۆخی عێراق لە دوای داعش چ گرنگە تا ئێستا بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو دۆخە ئارام ببێتەوە؛ دوایی باسی پرسی ئێزدییەکانمان کرد کە جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت تاوانی ئێزدیەکان بەجینۆساید بناسرێت و، لە نەتەوە یەکگرتووکان پشگیریی ئەو کەیسە بکرێت."

گوتیشی: "پرسی مانەوەی کچانی ئێزدی لە دەست داعشم گەیاندوەتە جۆزێف برینگینگ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریا بۆ کاروباری عێراق، لەوێش بە وردی پرسی هاوکاریکردنی کچانی ئێزدیم باس کردووە کە چۆن بتوانین هاوکاریان بین چۆن دەتوانین لە ئەنجامی ئەو قەیرانە داراییە ئەمەریکا هاوکاریمان بکات چونکە بە ڕاشکاوانە پێم گوت کە بارمان زۆر قورسە".

گوتیشی: "دوای ئەو هەموو ڕاپۆرت و ڕوونکردنەوانەمان دایە ئەمەریکا، دڵخۆشین بەوەی وەڵاممان بدنەوە؛ چونکە ئەمەریکاییەکان پرۆژەیان هەبوو بۆ یارمەتیدانی شنگال و کوردستان؛ خۆی لە کۆشکەسپی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا قسەمان کردووە کە چۆن بتوانن هاوکاریی کوردستان بکەن".

ئەوەشی خستە ڕوو لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە دەستیان لە قەتڵوعامی ئێزدی و شەبەکدا هەبوو.









KDP
Top