لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 8 هەزار و 300 تۆن پاشماوە هەیە

لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 8 هەزار و 300 تۆن پاشماوە هەیە
ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان 8 هەزار و 300 تۆن پاشماوە هەیە، حکوومەتیش بڕی 11 ملیارد دیناری بۆ کۆکردنەوەی ئەو پاشماوانە تەرخان کردووە.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (15.6.2016)، لوقمان شێروانی، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕايگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان پاشماوەی زبڵ زۆر لە ستاندەری نێودەوڵەتی زیاترە، بە جۆرێک هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی کیلۆ و نیوێک پاشماوەی هەیە، ئەوە لە کاتیک دایە کە بەپێی ستانداردری نێودەوڵەتی هەر تاکێک تەنیا دەبێ نیو کیلۆ پاشماوەی هەبێت".

شێروانی گوتی: "لە ئەنجامی بەدواداچوونێکی دەستەی پاراستن و چاککردنەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی ئەنجامی داوە، دەرکەوتووە؛ ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان 8 هەزار و 300 تۆن پاشماوە لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە حکوومەت بۆ کۆکردنەوەیەیان بڕی 11 ملیارد دیناری تەرخان کردووە".

ئەمڕۆ هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی ژینگەی کوردستان لە یەک رۆژدا بەرێوە چوو، هەر لەو بارەیەوە گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: "زۆربەی ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزی و کۆمەڵگەی مەدەنی بە هاوکاریی وەزارەتی شارەوانی بەشدارییان لە هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ ئەوەی پەیامێک بێت بۆ هاووڵاتیان و رێز لە ژینگە بگرن و خۆیان لە پاکڕاگرتنیدا بە بەرپرس بزانن".










باسنیوز
Top