کادیرێکی ڕاگەیاندنی یەکێتی بە توندی لە دژی بەهەرێمکردنی کەرکووک دەوەستێتەوە

کادیرێکی ڕاگەیاندنی یەکێتی بە توندی لە دژی بەهەرێمکردنی کەرکووک دەوەستێتەوە
ڕۆژنامەنوسێکی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە توندی دژی بە ھەرێمکردنی کەرکووک دەوەستێتەوە و ھێما بۆ ئەوە دەکات، ئەوانەی باس لە بە ھەرێمکردنی کەرکووک دەکەن، دەیانەوێت بۆ ھەتا ھەتایە عەرەب بەسەر پێکهاتەکانی شارەکەدا زاڵ بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 15\6\2016، ئەسعەد جەباری، کادیری ڕاگەیاندنی یەکێتی، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: ”ئەوانەی باس لە بە هەرێمکردنی کەرکووک دەکەن، دەیانەوێت تاهەتایە عەرەب بکەن بە کەڵەگا بەسەر شارەکەوە، باشە ئەگەر ھەرێمی کەرکووک، (کەلار، خورماتوو، کفری، دەربەندیخان و چەمچەماڵ)ی لەگەڵ نەبێت، پێم ناڵێن ئەو ھەرێمە بۆ کێیە و کێش تێیدا قازانج دەکات؟“.

کادیرەکەی ڕاگەیاندنی یەکێتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت پرسیارەکە لەو سیاسییانە بکرێت کە بیرۆکەی بەهەرێمکردنی کەرکووکیان داناوە، دەشڵێت: ”ھەندێک کەس ئەوەندە کەمبینن کە کەرکووک وەکو ناوەندێکی قەزایی دەبینن، نەک سەرانسەری نەخشەی پارێزگایەک کە ماددەی 140ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق دیاری کردووە“.

ئەمە لە کاتێک دایە کە نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە هەوڵی ئەوە دایە، کەرکووک بکرێت بە هەرێمێکی سەربەخۆ و لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵەکانی بۆ ڕازیکردنی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان چڕ کردووەتەوە.









باسنيوز
Top