ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: یەکێتی و گۆڕان و پەکەکە دژایەتیی دەوڵەتی کوردی دەکەن
دوای ئەوەی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدە لە شاری سلێمانییەوە ڕایگەیاند: “سەردەمی دەوڵەتی کوردی بەسەر چووە و تاکە هیوای کورد گەڕانەوەیە بۆ بەغدا”. ئەمڕۆ چوارشەممە 15\6\2016، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕايگەیاند: “من پرسیار لە ساڵح موسلیم دەکەم، ئێمە خوێنمان لە پێناوی ئەوە ڕشتووە کە ببینە نۆکەری بێگانە؟ خوێنمان بۆ ئەوە ڕشتووە کە ئاواتەکانمان بکەینە خەون و خەویان پێوە ببینین؟ جگە لەوەی قسەکانی هاوسەرۆکی پەیەدە جێگای نیگەرانییە، لەهەمان کاتدا گومان دروست دەکات”. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان پێیان سەیرە یەکێتی ئەو قسانە قەبوڵ دەکات. گوتیشی: “وادیارە یەکێتی و گۆڕان و پەکەکە لە سلێمانی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئێرانەوە، بۆ ئەوەی دەوڵەتی سەبەخۆی کوردستان دروست نەبێت، ئەوان دەیانەوێت بە خەڵک بڵێن کێشەی ئێمە کێشەی هاووڵاتی بوون و دیموکراتی بوونە، لە کاتێکدا گرفتی ئێمە گرفتی جوگرافیای کوردستان و باڵا دەستیی داگیرکەرانە”.
بە بڕوای عەلی عەونی، ئەوانەی دژی دەوڵەتی کوردین، لە سێ حاڵەت دان و دەڵێت: “یا ئەوەتا بەکرێگیراون؟ یان لە نەزانینیانەوەیە، یانیش دەیانەوێت دژایەتیی دەوڵەتی کوردی بکەن، چونکە ئەم پڕۆژەیە لەدەست سەرۆکی هەرێمی کوردستان دایە". ئەوەشی وەبیر هێنایەوە کە لە ڕابردوودا سلێمانی مەڵبەندی هزری نەتەوەیی و بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان بووە، گوتیشی: ”جۆرە بیرێکی خۆ بە کەم گرتن هەیە کە ئێستا لە سلێمانی حوکم دەکات، ئەو بیرە ڕێگا دەدات کەسێکی وەک ساڵح موسلیم بڵێت، سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەر چووە، بۆیە دونیا قەرزاری کوردستانە بۆ دروست بوونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ئەوەشی دووپات کردەوە: “با ساڵح موسلیم باش بزانێت، ئەوانەی بوونەتە پەیەدە و یەپەگە و پەکەکەش، لەسەر ئاواتی دەوڵەتی کوردی هیوایان هەڵچنیوە، ئێستا خەریکە ڕیزەکانی پەکەکە بەرەو هەڵتەکان دەچێت، بەهۆی دەرچوونی ئەو گەنجە خوێن گەرمانە و ڕۆژانە خەڵکی ڕۆشنبیر لە گۆڕان و پەکەکە جیادەبنەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو بیرکردنەوەیانە”.
باسنیوز
