سەركردایەتییە هاوبەشەكەی یەكێتی و گۆڕان سەردانی كۆمەڵ دەكات
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 15-6-2016، شاندی سەركردایەتییە هاوبەشەكەی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، دوای پێكهێنانی سەكردایەتییە هاوبەشەكەیان، وەك یەكەم حیزب سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی دەكەن.
حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە هاوكات ئەندامی سەكردایەتییە هاوبەشەكەی یەكێتی و گۆڕانە، رایگەیاند "سەردانی لایەنەكانی دیكەش دەكەین، چونكە دۆخی سیاسی كوردستان پێویستی بە گفتوگۆی هەموو لایەنەكان هەیە".
رۆژی سێشەممە 14-6-2016 سەرۆكایەتی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان لە سلێمانی یەكەمین كۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامدا و، تێیدا رەوشی باشووری كوردستان و عێراقیان تاووتوێ كرد و چەند بڕیارێكیان دا.
رۆژی 17-5-2016 بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان رێككەوتننامەیەكی سیاسییان بۆ كاری هاوبەش واژۆكرد، لەو چوارچێوەیەشدا سەركردایەتییەكی هاوبەشیان بۆ گفتوگۆكردن و دانوستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان پێكهێنا.
ئەندامەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەو سەركردایەتییە هاوبەشە بریتین لە نەوشیروان مستەفا، عومەری سەید عەلی، محەممەد تۆفیق رەحیم، عوسمانی حاجی مەحموود، ساماڵ عەبدوڵڵا و ئیسماعیل نامیق. هەروەها ئەندامانی یەكێتی یش بریتین لە بەرهەم ساڵح، حاكم قادر، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، عیماد ئەحمەد، رەفعەت عەبدوڵڵا و شاڵاو كۆسرەتن.
رووداو
