ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی وه‌ڵامێکی توندی ساڵح موسلیم ده‌داته‌وه‌

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی وه‌ڵامێکی توندی ساڵح موسلیم ده‌داته‌وه‌
دوای ئه‌وه‌ی له‌لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌یه‌كی عێراقی، ساڵح موسلیم هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌ رایگه‌یاندبوو كه‌ ئێستاكه‌ كاتی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی به‌سه‌رچوه‌و ده‌بێت كورد بیر له‌ جودایی نه‌كاته‌وه‌، سه‌ركرده‌یه‌كی پارتی وه‌ڵامی توندی ناوبراو ده‌داته‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: پێویستمان به‌ نه‌سیحه‌تی كه‌سانی دژه‌ نه‌ته‌وه‌یی نیه‌، با ئه‌وان بچن نێوخۆیان له‌ رۆژئاوای كوردستان رێكبخه‌نه‌وه‌و رێگا به‌ كاری سیاسی حزب و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ بده‌ن، ئینجا باسی سه‌رده‌می دیموراسی بكه‌ن.

له‌میانی لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌ی سه‌باحی عێراقی ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پەیەدە رایگه‌یاندووه‌: پێویستە كورد بزانێ‌ بەغدا تاقە دەروازەی ستراتیژییە بۆ كوردو بۆ هەر چوار پارچەی دیكەی كوردستان، چونكە لەسەرتاوە دانی بەبوونی كوردناوە و كورد لە بەغدا پێویستی بە خەباتی ناساندنی مافەكانی نییە، بۆیە پێموایە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا ئاسایی بكاتەوە”.

سەبارەت بە ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی لە هەرێمی كوردستان ساڵح موسلیم گوتبووی: ” پێموایە كاتی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەرچووە و پشتگیری دامەرزاندنی دەوڵەتێكی نەتەوەیی ناكەین، ئەگەر كوردی بێت یان عەرەبی یان توركی ئەو سەردەمە تێپەڕی ئێستا ئێمە لەسەردەمی دیموكراسیداین و دەبێ سەرجەم پێكهاتەكان لەخۆبگرین و ئامادەكاری بكەین بۆ پێكەوە ژیانی هاوبەش”.

له‌وه‌ڵامی ئه‌م لێدوانه‌ی موسلیمدا، ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی دەلێت: بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بۆ كورد بێگومان به‌ به‌شداری سه‌رجه‌م پێكهاته‌ و ئایین و ئایینزاكانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، بۆیه‌ پێویستمان به‌ ئامۆژگاری كه‌سانی وه‌ك ساڵح موسلیم نیه‌، چونكه‌ بینیوه‌مانه‌ كه‌ ئه‌زموونیان له‌ رۆژئاوای كوردستان بۆ دروستكردنی كیانێك بۆ گه‌لی كورد شكستی هێناوه‌ و دژایه‌تی مافی كورد ده‌كه‌ن له‌و وڵاته‌دا.

هەروەها دەشلێت: بۆیه‌ مافی ئه‌وه‌ی نیه‌ له‌سه‌ر پرسی باشووری كوردستان كه‌ گرێدراوی میلله‌تێكی سته‌مدیدیه‌، قسه‌ بكات و لێدوان بدات و دامان لێبكات بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ به‌غدا و دەست لە ڕاگەیاندنی دەوڵەت هەڵگرین.



رۆژانەهەوال
Top