حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەرجی هەیە بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت

 حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەرجی هەیە بۆ زیادکردنی هەناردەی نەوت
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە هەولێر ئامادەیە رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی کێشە ئابوورییەکانی لەگەڵ بەغدا واژۆ بکات، بەو مەرجەی داهاتێکی مانگانە بدرێتە هەرێمی کوردستان.



بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (رۆیتەرز)، سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەناردەی نەوتی لە رێگای حکوومەتی عێراقەوە زیاد بکات و رێککەوتنێکی نەوتیی نوێ واژۆ بکات.



حکوومەتی عێراق دژی فرۆشتنی نەوتە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە و داوا دەکات نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی حکوومەتی عێراق بکرێت، بەڵام بەهۆی بڕین و نەناردنی بودجەی کوردستان بۆ ماوەی سێ ساڵ لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، هەرێمی کوردستان ئامادە نییە نەوتەکەی رادەستی عێراق بکات.



سەفین دزەیی مەرجی هەرێمی کوردستانی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی نەوتیی نوێ لەگەڵ عێراق راگەیاندووە و گوتویەتی، پێویستە لەبەرامبەردا، حکوومەتی عێراق مانگانە یەک ملیار دۆلار بداتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان.



پێشتر هەردوو حکوومەت لەسەر ئەوە رێککەوتوون، کە هەرێمی کوردستان رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و بەشێک لە داهاتەکەی رادەستی حکوومەتی عێراق بکات و بەغداش مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام حکوومەتی عێراق پابەندی رێککەوتنەکە نەبوو.











باسنیوز
Top