ئه‌نجامده‌ری ته‌قینه‌وه‌كه‌ی دێرسیم ئاشكرابوو
دوانیوه‌ڕۆی دوێنێ دووشه‌ممه، كرده‌وه‌یه‌كی خۆكوژی له‌رێی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوه‌وه له‌نزیك باڵه‌خانه‌ی دادگا له‌ناوچه‌ی ئۆڤاجیك سه‌ر به پارێزگای دێرسیم ئه‌نجامدرا، به‌هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ك پۆلیسی توركیا كوژران‌و برینداربوون.
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمانده‌ی هاوبه‌شی بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی یه‌كگرتووی گه‌لان كه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ئاژانسی فورات نیوز –نزیك له‌په‌كه‌كه- بڵاویكردووه‌ته‌وه، ته‌قینه‌وه‌كه له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ئه‌نجامدراوه له‌دژی بینای دادوه‌ری‌و بازگه‌یه‌كی پۆلیسی تایبه‌ت له‌ناوچه‌كه.
بزووتنه‌وه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه كه "له‌چالاكیه‌كه‌دا چوار پۆلیسی تایبه‌ت كوژراون‌و ژماره‌یه‌كی زۆریش بریندار بوون".
هه‌روه‌ها كرده‌وه‌كه‌ی وه‌كو بیرهێنانه‌وه‌ی شه‌هید باران دێرسیم‌و هاوڕێكانی ناوبردووه، كه پێشتر له‌و ناوچه‌یه شه‌هیدبوون.
بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی یه‌كگرتووی گه‌لان، 11ی (ئادار/3)ی ئه‌مساڵ له‌ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی گه‌ریلا دامه‌زراندنی خۆی راگه‌یاند.
بزوتنه‌وه‌كه پێكدێت له‌پارتی كۆمۆنیستی توركیا ماركسی لینینی TKP/ML ، پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه)، پارتی رزگاریخوازی گه‌لی توركیا – به‌ره‌ی ماركسی لینینی THKP-C ، یه‌كینه‌كانی بانگه‌شه‌ی چه‌كداری ماركسی لینینی MLSPB، پارتی كۆمۆنیستی ماركسی MKP ، پارتی كۆمۆنیستی كه‌دی توركیا – لینینی TKEP، یه‌كگرتووی كۆمۆنیستانی شۆڕشگێڕی توركیا TIKB، پارتی كۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ DKP ، پارتی كۆمۆنیستی ماركسی لینینی MLKPو بڕیارگه‌ی شۆڕشگێڕان.
پێشتر‌و دوای دامه‌زراندنیان، بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی یه‌كگرتووی گه‌لان جه‌ختیانكردبووه‌وه له‌وه‌ی وه‌كو شۆڕشگێڕانی كورد‌و تورك بڕیاریانداوه، به‌یه‌كگرتوویی‌و یه‌كهێزی تێكۆشانی خۆیان له‌توركیا‌و باكووری كوردستان دژی "فاشیزم‌و دیكتاتۆریه‌ت" به‌ڕێوه‌ببه‌ن.
