ساڵح موسلیم: كاتی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەرچووە

ساڵح موسلیم: كاتی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەرچووە
سەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی پەیەدە رایگەیاند، پێویستە كورد بزانن بەغدا تاقە دەروازەی ستراتیژییە بۆ كوردانی هەموو پارچەكانی دیكە. گوتیشی: "كاتی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەرچووە و پشتگیری دامەرزاندنی دەوڵەتێكی نەتەوەیی ناكەین".

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی (PYD) لە هەڤپەیڤینێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی عێراق گوتی: " ئەردۆغان و پارتی دادوگەشەپێدان نەخۆشی كوردۆفۆبیایان هەیەو دژایەتی هەموو ماف و دەستكەوتەكانی كورد دەكەن لە سووریا".

ساڵح موسلیم کە ئێستا سەرۆكایەتی گەورەترین پارتی كوردی سووریا دەكات و لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شاری رققە لەدەست داعش دەجەنگن سەبارەت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان گوتی "سەقامگیری هەرێمی كوردستان بەلای ئێمەوە گرنگەو دەستيش لە ململانێ سیاسییەكانی نێوان پارتە كوردستانییەكانی وەرنادەین".

گوتیشی: "ئێمە لە كوردستانی سووریا مامەڵە لەگەڵ رەوشێكی جیاواز دەكەین و كێشەی گەورەتر لە قەبارەی خۆمان دێتە پێش، چونكە مامەڵەمان لەگەڵ هێزە جیهانییەكانی وەكو ئەمریكاو رووسیاو ئەورپایە بۆیە پێویستیمان بە هۆشیاری و رەهەندی ستراتیژی كوردی زیاترە، سەركەوتنەكانی كۆبانێ‌ سەری كورديان بەرزكرد، چونكە هەموو رۆڵەكانی كوردستان بەشداریان كرد لە مهاباد، هەڵەبجە، سولەیمانی، ئامەد، بۆیە كێشە لاوەكییەكانمان بەلاوە گرینگ نییە، پێشموایە خراپی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هۆكاری بوونی فاكتەری دەرەكی و بازرگانی و ئابوورییە".

سەبارەت بە رێككەوتنی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هاوسەرۆكی پەیەدە گوتی: "هەر رێككەوتنێك بۆ نزیككردنەوەی كوردبێت جێگای خۆشحاڵییە، ئێمە تاڵاوی زۆرمان چەشتوە لە مێژوو بۆیە پێویستە رێزەكانمان رێكخەین، من خاڵەكانی رێككەوتننامەكەم خوێندوەتەوەو خوازیارم پارتی دیموكراتی كوردستانیش بچێتە نێو رێككەوتننامەكەو مەرجەكانی خۆی یان بڕگەی زیاتر بە ئاراستەی یەكگوتاری و ئەنجامدانی كۆنگرەی نیشتمانی كوردستانی دابنێ‌."

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی عێراق ساڵح موسلیم گوتی "پێویستە كورد بزانێ‌ بەغدا تاقە دەروازەی ستراتیژییە بۆ كوردو بۆ هەر چوار پارچەی دیكەی كوردستان، چونكە لەسەرتاوە دانی بەبوونی كوردناوە و كورد لە بەغدا پێویستی بە خەباتی ناساندنی مافەكانی نییە، بۆیە پێموایە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا ئاسایی بكاتەوە".

سەبارەت بە ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی لە هەرێمی كوردستان ساڵح موسلیم گوتی: "رێز لە ئیرادەی گەلی كوردستانی عێراق دەگرم، بەڵام پێموایە كاتی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەرچووە و پشتگیری دامەرزاندنی دەوڵەتێكی نەتەوەیی ناكەین، ئەگەر كوردی بێت یان عەرەبی یان توركی ئەو سەردەمە تێپەڕی ئێستا ئێمە لەسەردەمی دیموكراسیداین و دەبێ سەرجەم پێكهاتەكان لەخۆبگرین و ئامادەكاری بكەین بۆ پێكەوە ژیانی هاوبەش".

موسلم دەشڵێت:"ئێمە نەتەوەین مێژوومان هەیە هەوڵدەدەین جیهان دان بە گەلی كوردو مافەكانیدا بنێت، جگە لە ئازادی و ژیان لەسەر خاكی خۆمان چیترمان ناوێ‌، بە نیازیش نین دەستدرێژی بكەینە سەر هیچ لایەنێك و رێزیش لە تایبەتمەندی و مافەكانی هەمووان دەگرین".





رووداو
Top