یەکەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ھاوبەشی گۆڕان و یەکێتی بەڕێوەدەچێت.

یەکەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ھاوبەشی گۆڕان و یەکێتی بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 14-6-2016 سەرکردایەتی ھاوبەشی گۆڕان و یەکێتی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی سیاسی نێوانیان ئەنجام دەدات.

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 14-6-2016 لە شاری سلێمانی سەرکردایەتی ھاوبەشی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات.

ساماڵ عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتییە ھاوبەشەکە لە بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند: “رۆژی سێشەممە یەکەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ھاوبەشی ئێمەو ھەڤاڵانی یەکێتی ئەنجامدەدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا شوێنەکەو کارنامەی کۆبوونەکە دیار نییە ، کاری سەرەکی ئەم سەکردایەتییە ھاوبەشە جێبەجێکردنی ماددەو بڕگەکانی رێککەوتنی سیاسی نێوانمانە”.

ساماڵ عەبدوڵڵا گوتی “نازاندرێت جگە لە تاوتوێکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە ئاخۆ باسی گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسییەکانی دیکە دەکرێت یاخود نا ، بەڵام یەکەم کۆبوونەوەیە و چاوەڕێ دەکرێت باسی دوایین رووداوە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت”.

رۆژی17-4-2016 ھەر یەک لە نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە دەباشان و لە بەردەم تاڵەبانی رێککەوتنی سیاسیی نێوان گۆڕان و یەکێتییان واژۆ کرد کە خۆی لە25 ماددە دەبینێتەوە.

بەپێی یەکێک لە ماددەکان ھەر یەک لە گۆڕان و یەکێتی سەرکردایەتییەکی ھاوبەش بۆ جێبەجێکردنی دەقی رێککەوتنەکە دروستدەکەن.

ئەندامانی سەرکردایەتیی گۆڕان لە نەوشیروان مستەفا، عومەر سەید عەلی، محەممەد تۆفیق رەحیم، عوسمان حاجی مەحمود، ئیسماعیل نامیق و ساماڵ عەبدوڵڵا پێکھاتوون.

ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی لە ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، د.بەرھەم ساڵح، عیماد ئەحمەد، رەفعەت عەبدوڵڵا ، قادر حەمە جان و شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ پێکدێن.





رۆژانەهەوال
Top