گەرمیان بڕیارەكەی پارێزگاری سلێمانی جێبەجێ ناكات
سالار مەحموود، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بە تەواوەتی دژی ئەو بڕیارەی پارێزگاری سلێمانییە كە رێگەدەدات لەپێناو سودێكی ئابووری دیاریكراوە خانوو و شوققە بەناوی ئەو عەرەبە عێراقییانەوە بكرێت كە لە هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێن.
سالار مەحموود گوتی "ئەوەندەی بەدواداچوونمان كردووە ئەو بڕیارە لە گەرمیان جێبەجێ ناكرێت، پێویستە لەهیچ شوێنێكی كوردستانیش جێبەجێ نەكرێت و هەڵبوەشێتەوە".
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی باسی لەوەشكرد بڕیارەكەی پارێزگاری سلێمانی یاسایی نییە، چونكە بەپێی دەستووری عێراق، راستە رێگەدراوە هەموو عێراقییەك دەتوانێ لەهەر شوێنێكی عێراقدا موڵكی بەناوەوە بكرێت، بەڵام بە مەرجی ئەوەی نەبێتە هۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای دانیشتووانی ئەو ناوچەیە.
بەڵام وەك سالار مەحموود گوتی "ئێستا رێژەیەكی زۆر ئاوارەی عەرەبی عێراقی لە كوردستاندا نیشتەجێن، ئەگەر رێگەبدرێت موڵكیان بەناوەوە بكرێت بە دڵنیایەوە دیمۆگرافیایی دانیشتووان دەگۆڕن، لە هەندێك شوێن رەنگە ببنە زۆرینە، بۆیە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە نە یاسایی و نەدەستوورییە، بەڵكو بڕیارێكی نانیشتمانی و نانەتەوەییشە".
بەپێی فەرمانێكی د.ئاسۆ فەریدوون پارێزگاری سلێمانی كە لە6-6-2016 دەرچووە هەموو هاووڵاتییەكی عێراق و كەسانی بیانی بۆیان هەیە خانوو و شوقەیان بەناوەوە بكرێت، بەمەرجێك رەزامەندی ئاسایشی هەبێت.
رووداو
