حیزب و لایەنە کوردستانییەكان بە هەرێمکردنی کەرکووک رەتدەکەنەوە

حیزب و لایەنە کوردستانییەكان بە هەرێمکردنی کەرکووک رەتدەکەنەوە
پرۆژەکەی نەجمەدین کەریم بۆ بەهەرێمکردنی کەرکووک کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە. کاردانەوە و ناڕەزاییەکان زۆربەیان لەنێو پێکهاتەی کورددان، بەئامانجی دڵنیاکردنەوەشیان، ئێستا پارێزگار قۆناخی گفتوگۆی لەگەڵ ئەو دەنگە ناڕازییانە دەستپێکردووە.

عارف قوربانی، رۆژنامەڤان و چاودێری سیاسی بە رووداوی گوت "ئیدارەی کەرکووک بەو ئاراستەیە کار دەکات کە زەمینەی واقیعێک خۆشبێت لە کەرکووک ببێتە ئەمری واقع و، کورد ناچاربێ قبوڵی ئەوەبکات كە کەرکووک ببێتە هەرێمی سەربەخۆ. بەپلەی یەکەم لەگەڵ ئەو خەڵکانە دادەنیشێت کە ناڕازین لەسەر پرۆژەکە، لایەنی کەم ئەگەر قەناعەتیشیان پێنەکات پشتیوانی بن بەڵام قەناعەتیان پێبکات بەو ئەندازەیە دژی نەبن خەڵکی لێ هانبدەن".

عەرەبە سوننەکان ئێستا لە هەموو کات زیاتر کێشەکانیان لەگەڵ شیعە قوڵبووەتەوە کە حکومەتی عێراقیان بەدەستەوەیە، بەڵام هێشتا دەیانەوێت دەست بەیەکپارچەیی عێراقەوە بگرن و کەرکووک هەر وابەستەی عێراق بێت.

ئیسماعیل حەدیدی، كەسایەتی سیاسی عەرەبی کەرکووک دەڵێت "دەمێکە لەنێوان کورد و حکومەتی عێراق ئەم کێشەیە هەیە. بۆیە ئەم پرۆژەیەمان پێباشە".

پێکهاتەی تورکمان خۆیان بەخاوەنی پرۆژەی بەهەرێمکردنی کەرکووک دەزانن، کە نزیکەی 10 ساڵە کاری لەسەر دەکەن، بەڵام ئێستا لە چاوەڕوانی ئەوەدان بە فەرمی لەسەر ئەو پرسە دانیشتنیان لەگەڵ بکرێت، چونکە ئەوان تێبینیان لەسەر چۆنێتی جێبەجێکردنی پرۆژەکە هەیە.

حەسەن تۆران، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەکوتلەی تورکمان بە رووداوی گوت "کێشەکە ئەوە تاوەكو ئێستا نەپشتیوانان و نە ناڕازییەکانی ئەم پرۆژەیە نەهاتوون لەسەر كاخەز شتێک بڵێن، قسەکان تەنیا لە راگەیاندنەکانەوەیە. بەڕاستی ئەوە مەترسیدارە، ئەو پرسە زۆر ئاڵۆزە لەراگەیاندنەکانەوە چارەسەر ناکرێت و پێویستە گفتوگۆبکرێت و لەسەر كاخەز بخرێتەڕوو".

پرۆژەی دامەزراندنی هەرێمی سەربەخۆیی كەركووك ئەگەرچی لەسەر زاری نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووک، کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە راگەیێندرا، بەڵام بەفەرمی لەلایەن سەرجەم حزب و لایەنە کوردستانییەكانەوە، بەتایبەت پارتی و یەكێتی رەتکراوەتەوە.




رووداو
Top