حەسەن تۆران: تورکمان رەتیدەکەنەوە کەرکووک بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان
حەسەن تۆران، جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی و ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "پێموایە بابەتی سەربەخۆبوون، پێچەوانەیە لەگەڵ دەستوور، چونکە لە دەستووردا هاتووە، هەموو پارێزگایەک بەپێی ماددەی 119-ی دەستووری عێراق دەکرێت ببێتە هەرێمی تایبەت، نەک هەرێمێکی سەربەخۆ".
جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی روونیشی کردەوە "جیاوازی لەنێوان ئەو دوو تێگەیشتنە هەیە و، ئێمە وەکو تورکمان خوازیاری ئەوەین کەرکووک ببێتە هەرێمێکی تایبەت، بە ئیدارەیەکی هاوبەش، ئەو پرۆژەیەش لە ساڵی 2006وە وەکو تورکمان پێشنیارمان کردووە و داواشمان لەوبارەیەوە پێشکەشی سەرۆکایەتی وەزیران کردووە".
لەبارەی ئەوەی دەگوترێت، بە هەرێمبوونی کەرکووک، کەرکووک لە بەغدا دادەبڕێنێت، حەسەن تۆران، دەڵێت: " بەپێی هەندێک ماددە کە لە دەستوور و یاسادا هەن، پەیوەندییەکانی ئەو هەرێمە لەگەڵ بەغدا رێکدەخات. هەرێمی تایبەت مانای ئەوە نییە لەبەغدا داببڕێت، بەڵام بەشێوەیەکی نوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا رێکدەخاتەوە، ئێمە خوازیاری ئەوەین لەو هەرێمە گرەنتیمان هەبێت، چونکە دۆخی ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی یەک لایەنە، هەر لە ئیدارەی پارێزگاکە، چارەنووسی و ئاسایشی پارێزگاکە هەمووی لەژێر کۆنترۆڵی یەک لایەنە، ئەمەش لای ئێمە قبوڵکراو نییە، ئێمە خوازیاری ئەوەین کەرکووک ببێتە هەرێمێکی تایبەت و چارەسەری ئەو دۆخە ناسرووشتییە بکات کە ئێستا لە کەرکووک هەیە".
جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی مەبەستی لەم لایەنە رووندەکاتەوە، کە کورد کۆنترۆڵی پارێزگاکەی کردووە و دەڵێت: "بێگومان پارێزگار کوردە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بە وەکالەت کوردە، بەڕێوەبەری پۆلیس کوردە، یاریدەدەری بەڕێوەبەی پۆلیسمان هەبوو، کە تورکمانە، بەهۆی کێشەی نێوان پارێزگار و وەزیری ناوخۆ دوورخرایەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادیمان لە کەرکووک هەبوو، کە بەر لە دوو ساڵ کوژرا، هیچ کەسێکی تورکمانیان لە شوێنەکەی دانەنایەوە، کورد کۆنترۆڵی هەموو ئیدارەی پارێزگاکەیان کردووە و لەو پارێزگایە بڕوایان بە شەراکەت نییە".
حەسەن تۆران جەختیشی کردەوە لەوەی "دوای هاتنی داعش نموونەی زۆر هەن لەسەر ئەوەی کورد هەوڵی پەراوێزخستنی رۆڵی تورکمانی لە پارێزگای کەرکووک داوە، چەند مامەڵەیەکی سادەی خەڵکی تورکمان لە نووسینگەی پارێزگای کەرکووک بۆ چەند مانگێک دوادەخرێت و گرفتی بۆ دروست دەکرێت، ئەو خەڵکە تورکمانانە ناتوانن بگەن بە سادەترین مافیان لە دامەزراندن و گواستنەوەی پسوڵەی خۆراک و رەزامەندی بۆ گواستنەوەی ماڵ، هاوکات پێشێلکارییەکی زۆر لەلایەن ئیدارەی کەرکووکەوە دژی هاووڵاتیانی کەرکووک و دژی مافەکانی هاووڵاتیانی تورکمان لە پارێزگای کەرکووک کراوە".
لەبارەی چارەسەرنەکردنی کێشەکانی کەرکووک لەلایەن بەغداوە، جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی ئاماژە بەوە دەدات، ئەوان رەخنەیان لە ئیدارەی کوردی لە کەرکووک و لە بەغداش گرتووە "بەغدا ماوەی چەندین ساڵ دەبێت کەرکووکی پشتگوێخستووە، تائێستاش هەر پشتگوێخراوە، بۆ نموونە کەرکووک لە شایستەکانی پترۆدۆلار و دامەزراندن بێبەشکراوە، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووکیش رەخنەی لە بەغدا گرتووە، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەو و کوتلەکەی لە پارێزگای کەرکووک مافی تورکمانیان نەداوە، ئەمەش ئیزدیواجیەت پێشاندەدات، لەکاتێکدا رەخنە لە بەغدا دەگرێت بەوەی دادپەروەر بێت بەرامبەر بە رۆڵەکانی کەرکووک".
لەبارەی پرسی گشتپرسی و هەڵوێستی تورکمان بۆ گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر هەرێمی کوردستان، حەسەن تۆران، جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانی پێیوایە :"ناکرێت گشتپرسی لە کەرکووک ئەنجامبدرێت، چونکە ماددەی 140 دەڵێت: دەبێت یەکەم شت دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە، ئاساییکردنەوەی دۆخ لە کەرکووک تائێستا کۆتایی نەهاتەوە، ئەگەر گشتپرسی ئەنجامدرا بۆ ئەوەی کەرکووک بچێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، ئەوا تورکمان رەتیدەکەنەوە بچنە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو دەیانەوێت کەرکووک ببێتە هەرێمی تایبەت بە ئیدارەیەکی هاوبەش".
رووداو
