یەکگرتوو ھەرێمی سەربەخۆی کەرکووک رەتدەکاتەوە
ئیبراھیم خەلیل، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند "سەرجەم حیزبە کوردستانییەکان لەگەڵ گەڕانەوەی کەرکووکن بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، ھیچ بەدیلێکیشم بۆ ئەو پرۆژەیە نییە، بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و نەتەوەیی ئێمە لەگەڵ گەڕانەوەی کەرکووکە، ئەمە بۆچوونی ھەموو حیزبە کوردستانییەکانی کەرکووکە و لە دوایین کۆبوونەوەدا بڵاومانکردەوە".
سەبارەت بە دامەزراندنی ھەرێمێکی سەربەخۆ بۆ کەرکووکییەکان و پێشنیازەکانی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک بەوەی لە ھەنگاوی یەکەمدا کەرکووک بکرێتە ھەرێمێکی سەربەخۆ، دواتر بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان، ئیبراھیم خەلیل گوتی "ئێمە رێزمان بۆ رای شەخسی پارێزگاری کەرکووک ھەیە، بەڵام چ وەک یەکگرتوو، چ وەکو حیزبە کوردستانییەکان لەگەڵ ھەرێمی سەربەخۆ نین، لەگەڵ گەڕانەوەی کەرکووکین بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، بەڵام دەکرێت لەچوارچێوەی ھەرێمی کوردستان تایبەتمەندی بە کەرکووک بدرێت، بەو پێییە شارێکی فرە نەتەوە و فرە ئایین و مەزھەبە".
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک لە ھەڤپەیڤنێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو کە شەوی سێشەممە 14-6-2016، لە تەلەڤزیۆنی رووداو پەخشدەکرێت، داوادەکات لە ھەنگاوی یەکەمدا کەرکووک بکرێتە ھەرێمێکی سەربەخۆ و دواتر بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان.
نەجمەدین کەریم دەڵێت "حەز دەکەم سبەی کەرکووک بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان و پشتیوانی ئەنجامدانی گشپرسی دەکەم بۆ گەڕانەوەی کەرکووک، بەڵام پشتیوانی نێوەخۆی و ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی نییە، بەڵام بۆ دروستبوونی ھەرێمێکی سەربەخۆ و رزگاربوونی لە بەغدا، پشتیوانی ھەیە".
نەجمەدین كەریم پشتیوانی حیزبەكەشی نییە، مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ھەڤپەپڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو ئاشکرایکرد، پرسی ھەرێمی سەربەخۆی کەرکووک لەلایەن تێکڕای ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رەتکراوەتەوە، نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووکیش کە ھاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە، ئەوپرسەی لەگەڵ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی باس نەکردووە.
كەركووك هەمیشە سەنتەری ناكۆكییەكانی كورد و دەسەڵاتی ناوەندی بووە، بەڵام لەم دوو ساڵەی رابردوودا كە داعش حكومەتی بەغدای لە بەشێك لە پارێزگاكانی عێراق داماڵی، كورد كۆنترۆڵی شارەكەی گرتە دەست و تەنیا لەڕووی ئیدارییەوە لەگەڵ بەغدا ماوە، مانەوەیەك كە هیچ لایەكیان بەدڵیان نییە.
ئێستا نزیكەی هەزار پرۆژە لە كەركووك كاریان تێدا ناكرێت، بەشێك لەو پرۆژانە لەو دواییانە ئیدارەی پارێزگاكە ئامادەی كردوون و بەشێكی زۆریشیان پرۆژەی كۆنن و بەهۆی نەبوونی پارەوە پەكیان كەوتووە. ئەوە جگە لەوەی كێشەی دامەزراندنی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان بەردەوام بەرپرسانی پارێزگاكە دەباتە بەغدا و بەدەستی خاڵی دەگەڕێنەوە.
رووداو
