پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆدەبنەوە

پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆدەبنەوە
هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، رۆژی یەکشەممە 12-6-2016 لە هەولێر کۆدەبنەوە و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانیش رایدەگەیێنێت: "کۆبوونەوەکە تایبەتە بە دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان".

کاکەمین نەجاڕ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بە (تۆری میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممە تایبەتە بە دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و سەبارەت بە پرسی گشتپرسی داوای روونکردنەوە لە یەکێتی ناکەین، چونکە ئەوان بە فەرمی رایانگەیاندووە کە لەگەڵ ئەنجامدانی گشتپرسیدان".

ئاراس حەسۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "یەکێتی پێشتر هەوڵی نێوەندگیری دەدا، بەڵام بە رێککەوتنی لەگەڵ گۆڕان، ئەو هەوڵەی شکستپێهێنا. بۆیە پێویستە دووبارە داوای هەڵوێستی روون لە یەکێتی بکرێتەوە سەبارەت بە گشتپرسی و دانانی مەرج بۆ پاڵپشتیکردنی، کە لە رێککەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕاندا پەیوەست کراوە بە گەڕانەوەی سەرۆک و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان".

نەرمین عوسمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند: "پەرلەمان هی سەرجەم لایەنەکان و هاونیشتمانیانە، کاراکردنەوەی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنە نەک پێش مەرج".

هاوکات رەفعەت عەبدوڵڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "پێش کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، یەکێتی و گۆڕان گفتوگۆ دەربارەی گەیشتن بە رایەکی هاوبەش دەکەن".

هەرچەندە کۆبوونەوەکە بەبێ گۆڕان، کە لەگەڵ یەکێتی رێککەوتننامەیان واژۆکردووە ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەگوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بێت، یەکێتی جگە لە راوبۆچوونەکانی خۆی، هەڵوێست و بۆچوونی بزووتنەوەی گۆڕانیش لەگەڵ خۆی دەخاتە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی.

بەپێی بڕیاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە دوایین کۆبوونەوەیاندا شاندەکەی یەکێتی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتی بریتین لە: کۆسرەت رەسوڵ، مەلا بەختیار، حاکم قادر، عەدنان موفتی، رزگار عەلی و عومەر فەتاح.




رووداو
Top