پەكەكە لە هەرێمی كوردستان لەلایەن میلیشیا شیعەكانەوە چەكدار دەكرێ
جەمیل بایك لەماوەی مانگی رابردوودا چوار جار لەگەڵ سەركردە سەربازییەكانی میلیشیا شیعەكانی عێراق كۆبووەتەوە و بڕیاریان لەسەر دامەزراندنی چەند یەكەیەكی سەربازیی پەكەكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیان داوە و بڕیارەكانیش كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
سەرچاوەیەكی تایبەت بە (باسنیوز)ی راگەیاند ئێستە پەكەكە چەند بنكەیەكی سەربازی لە چەند گوندێكی شارباژێر و ناوچەكانی سەید سادق و گوندەكانی سەر بە شارەزوور كردووەتەوە و تێیدا زیاتر لە 500 چەكدار مەشق و راهێنانی سەربازی دەكەن.
سەرچاوەكە گوتیشی پەكەكە جگە لە هێنانی چەكدار بۆ سنووری باشووری كوردستان؛ سنووری رێكخستنەكانیشی بە شێوەیەكی بەرچاو فراوانتر كردووە و هەوڵی پەلكێشكردنی گەنجان بۆ ناو ریزەكانی خۆی دەدات و لەم دواییەشدا؛ 15 گەنج لە سنووری پشدەر و هەروەها 13 گەنجی دیكەش لە سنووری شارەزووریان بردووەتە ناو ریزەكانی خۆی و چەكداری كردوون كە تەمەنیان لەژێر 13 ساڵی دایە.
سەرچاوەكە باسی ئەوەشی كرد كە چەكداركردنی پەكەكە لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە؛ لەلایەن میلیشیا شیعەكانەوەیە و بەشێكی چەكی سوپای عێراق رادەستی پەكەكە دەكرێت؛ هەروەها لە رووی داراییشەوە هاوكاری دەكرێن و خۆراك و خواردنەوەشیان بۆ دابین دەكرێت.
باسنیوز
