١١١ کەس لە میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووکەوە هانایان بۆ پێشمەرگە هێنا

 ١١١ کەس لە میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووکەوە هانایان بۆ پێشمەرگە هێنا
د. کەمال کەرکووکی بەرپرسی میحوەری ڕۆئاوای کەرکووک دەڵێ، ئیمڕۆ کۆمەڵێك ئاوارە عارەبێکی دەڤەری حەویجە کە (١١١) کەس دەبوون، خۆیانیان گەیاندە لای پێشمەرگە.

د. کەمال کەرکووکی بەرپرسی میحوەری ڕۆئاوای کەرکووک دەڵێ، ئیمڕۆ (٩/٦/٢٠١٦) سەدویانزە عارەبە ئاوارەی حەویجەیی بە ئافرەت و پیاو و پیر و گەنج و مناڵەوە هانایان هێنا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووك لە سنووری لیوای (٢) و لیوای (٥) و لیوای (١٠) بۆ نەجاتدانی خۆیان لەو بارودۆخە ئاڵۆز و نالەبارەی ناوچەکەیان، کە تیرۆریستانی داعش و، هەندێ دانیشتووی ناوچەکە بوونەتە سەبەبی. ئاوارەکان لە سەعات یەکی نیوەشەو بەڕێ کەوتبوون بەرەو ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی پێشمەرگە کە لە تیرۆریستانی داعش پاك کراوەنەوە، لە بەربەیانی ئیمڕۆ (٩/٦/٢٠١٦) ژمارەیەکیان کە بەرەو بەرزاییەکانی (غەڕڕە) دەهاتن، لوغمێکی چێنراوی تیرۆریستانی داعش تەقیوەتەوە بە ئیبتسام خەلەف ئەحمەد و پاش یەك سەعات لە برینداربوونی گیانی لەدەس داوە، ئیبتسام خێزانی (نجیب ئیسماعیل) دانیشتووی گوندی نسەیبیە نزیكی قەزای حەویجە بە ئەسلخەڵکی گوندی (بسل) شێخ مهێریە، لەو کاتەی ئافرەتەکە بریندار دەبێت دوو مناڵی بە باوشەوە بووە؛ ١٠مانگانێک و ٢ساڵانێک؛ ئەو دوو مناڵە و دوو کچی دیکەیشیان لێ بریندار بووە."

کەمال کەرکووکی گوتیشی کە کاتی هەواڵیان گەیشتە پێشمەرگە سەربەرزەکانی لیوای (١٠) لە بەرزاییەکانی (غەڕڕە) هەر زوو بە هانایانەوە چوون و زۆر بەپەلە بریندارەکانیان گەیاندە نەخۆشخانەی دوبز و معالەجە کران و، پاشان تەرمی خانمەکەیشمان بە یارمەتیی پیاوەکەی گواستەوە بۆ دادپزیشکییەکەی نەخۆشخانەی ئازادی لە کەرکووک.
Top