دەستەی مافی مرۆڤ: هەڵگرتنی باجی گومرگیی پیشخابوور هەنگاوێكی مرۆڤدۆستانەیە

 دەستەی مافی مرۆڤ: هەڵگرتنی باجی گومرگیی پیشخابوور هەنگاوێكی مرۆڤدۆستانەیە
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان پێشوازی لەو بڕیارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات سەبارەت كردنەوەی خاڵی سنووری پیشخابوور و لابردنی باجی گومرگی و بە هەنگاوێكی مرۆڤانەی لە قەڵەم دەدات.



دوای كرانەوە خاڵی سنووریی پیشخابووری نێوان كوردستانی ڕۆژئاوا و كوردستانی باشوور، لەسەر بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەڵگرتنی باجی گومرگی لەسەر كەلوپەلی خۆراك و دەرمان و پێداویستییەكانی ناوماڵ كە لەلایەن ڕێكخراوە مرۆڤ دۆستانەكانەوە پێشوازی لێكرا، دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستانیش بە هەنگاوێكی گرنگی دەزانێت بۆ ڕێگری لە قەیرانەكانی مرۆیی لە كوردستانی ڕۆژ ئاوا.



محەمەد گۆمەشینی، گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان گوتی: ئەم هەنگاوەی كە نراوە بۆ كردنەوەی ئەو خاڵە سنوورییە وەك هەنگاوێكی مرۆیی و خزمەتی مرۆڤایەتی و گەیاندنی پەیامی مرۆڤدۆستی دەبینین و پێمان وایە كە هەنگاوێكی گرنگە بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێت لەو قەیرانانەی كە بەهۆی جەنگەوە لە كوردستانی رۆژئاوا روو دەدەن، و دەبێتە هۆی ڕێگری لە برسێتی و گرانی لە كاتێكدا كە دانیشتوانی ئەو دەڤەرانە لەو مەترسییانە نزیكن".



دوای بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دوێنێوە دەیان كاروانی بازرگانی كە بریتی بوون لە كەلوپەل و خۆراك و دەرمان و پێداویستی دیكەی خێزانی لە كوردستانی باشوورەوە بۆ كوردستانی ڕۆژئاوا نێردراون و لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە هیچ باجێكی گومرگی وەرنەگیراوە.






باسنیوز
Top