بریمۆ: سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەت دەكەین بۆ كردنه‌وه‌ى دەروازەی سێمالكا

 بریمۆ: سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەت دەكەین بۆ كردنه‌وه‌ى دەروازەی سێمالكا
كوردانی ڕۆژئاوا و حزب و لایەنەكان، سوپاسی (سەرۆك بارزانی) و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ كردنەوەی دەروازەی سێمالكا و، داواكارن پەیەدە پابەندی ڕێنماییەكان بێت، چونكە وەك خۆیان دەڵێن، خەڵكی ڕۆژئاوا لەو بەشەی كوردستان لە حاڵەتێكی زۆر خراپدا دەژین.

(نووری بریمۆ) ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان-سووریا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "زۆر سوپاسی (سەرۆك بارزانی) و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە بڕیاریان دا دەروازەی سێمالكا بكرێتەوە، چونكە خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان كەوتبوونە حاڵەتێكی زۆر خراپەوە، بەڵام لە هەمووی خۆشتر ئەوەیە كە بڕیار دراوە نابێت لە هەر دوو لا باج وەربگیرێت، ئەوەیش شتێكی زۆر باشە و هاوكارێكی باش دەبێت بۆ هەرزانكردنی نرخی كەلوپەل، هیوادارین پەیەدە پێگری پێ بكات و لەگەڵ باشووری كوردستاندا هاوكاریی خەڵكی ڕۆژئاوا بكات".

(بریمۆ) گوتیشی: "پەیەدە تەنیا خۆی دەسەپێنێت و نایەوێت هیچ لایەنێكی كوردی لە ڕۆژئاوای كوردستان كار بكەن، بۆ ئەوەیش پەیەدە لە ژێر ركێفی خۆیدا نییە، بەڵكو پلانی سووریا و ئیران لەو بەشەی كوردستان پەیڕەو دەكات، چونكە ئەگەر ئەوان بە ڕاستی خۆیان بە هێزێكی كوردستانی دادەنێن و كار بۆ سەركەوتنی گەلی كوردستان لەو بەشدا دەكەن، دەبێت پەیوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان خۆش بكەن، چونكە بە بێ هەرێمی كوردستان ناتوانن هیچ شتێك بكەن و كێشەی كورد لەو بەشەی كوردستان چارە بكەن".









KDP
Top