بارهەڵگرەکانی هەرێم، چاوەڕوانی پەیەدەن دەروازەی سێمالکا بکاتەوە
(شەوكەت بەربوهاری)، سەپەرشتیاری سنووری پیشابوور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە دیوی هەرێمی كوردستانەوە هەموو ئامادەكارییەكان تەواو بوونە، ئێستا چەندین ئۆتۆمبێل لە بەردەرگای سنوور وەستاون بۆ ئەوەی دەرباز بن، بەڵام لە دیوی ڕۆژئاوای كوردستان، چەند كێشەیەكی بچووك ماون، ئەوانیش تەواو بن سنوورەكە دەكرێتەوە، بۆیە پاش كەمێكی دیكە سنوورەكە دەكرێتەوە و ئەو ئۆتۆمبێلانەی گەیشتوونەتە سنوورەكە، دەرباز دەبن".
(بەربوهاری) گوتیشی: "كردنەوەی ئەو سنوورە، گرینگییەكی زۆری هەیە بۆ خەڵكی ڕۆژئاوا، چونكە خەڵكی ئەو بەشەی كوردستان لە حاڵەتێكی زۆر خراپدان، هەروەها دەربازبوونی ئەو كەلوپەلانە بێ باجە و ئەوەیش لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی ئەو بەشەی كوردستاندایە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەرجی سەرەکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەتەواوی کردنەوەی دەروازەی سێمالکادا، وەرنەگرتنی سەرانەیە لەوانەی بەو دەروازەیەدا هاتوچۆ دەکەن، هاوکات گومرگ نەکردنی کاڵا و کەلوپەلە کە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەبرێ، کە پەیەدە پێشتر وەریدەگرت و بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی ڕۆئاوایش بەکاری نەدەهێنایەوە.
KDP
