جەبار یاوەر: سوپای عێراق ئامادەی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ نییە

جەبار یاوەر: سوپای عێراق ئامادەی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ نییە
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی دیکەی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2015 وە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ کردووە، بەڵام ئەوەی بۆ ئەو پرۆسیە ئامادە نییە "سوپای عێراقی فیدراڵە....
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، لەکاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی (تۆڕی میدیای رووداو)، لەبارەی دەستپێنەکردنی شەڕی گەیارە، کە بڕیاربوو رۆژی چوارشەممە 8-6-2016 دەستپێبکات، رایگەیاند "ئەو پلانە پەیوەندی بە هێزەکانی عێراقی فیدراڵەوە هەیە، ئەو پرسیارە دەبێت ئاراستەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردنی موسڵ بکرێت، کە لە مەخموورە".

جەبار یاوەر، دەڵێت: "ئێمە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی گەیارە ناکەین، ئێمە تەنیا هێزی پشتیوانی دەبین، چونکە رێککەوتنەکە وایە. ئێمە تەنیا بەشداری لە دوایین پلان دەکەین، کە پلانی گەورەی رزگارکردنی سەنتەری شاری موسڵە، ئەمەش دوای دانیشتن و رێککەوتن، کە تێیدا رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە، سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزە خۆبەخشەکانی موسڵ دیاری دەکرێت".

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، دەشڵێت "نە بەشێوەیەکی فەرمی کۆبوونەوە لەو بارەیەوە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و هاوپەیمانان لەسەر ئەو پلانە و وردەکارییەکانی کراوە، نە هێشتا کۆبوونەوەش بۆ باسکردنی ئاییندە و چۆنیەتی پاراستنی ئەمنیەتی شاری موسڵ کراوە و، دەبێت ئەمانە هەمووی جێبەجێ بکرێن، دواتر پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ دەستپێبکات".

جەبار یاوەر، ئاماژە بەوە دەدات، موسڵ گرنگییەکی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، دەبێت رێککەوتنێکی پێشوەختە هەبێت، هەم لەسەر وردەکاری پلانی رزگارکردنی و پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل، هەم دوای رزگارکردنەکە دەبێت رێککەوتن هەبێت لەسەر ئەوەی کێ ئاسایشی موسڵ دەپارێزێت، دواییش ئیدارەی موسڵ لە ئاییندەدا چۆن دەبێت.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە جەخت دەکاتەوە لەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی پاراستنی هەرێمی کوردستان ئامادەن، بۆ پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ. رزگارکردنی شنگال، زوومار، گوندەکانی میحوەری خاز و هەندێک لە ناوچەکانی میحوەری باشیک، بەشێکن لە پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ، ئەمانە هەموویان لە رووی ئیدارییەوە، سەر بە موسڵن، بەڵام ناوچەی کوردستانین".

جەبار یاوەر، ئەوە دەخاتەڕوو "بە شێوازێکی پراکتیکی وەکو هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی دیکەی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2015 وە دەستمان بە پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ کردووە، بەڵام ئەوەی بۆ ئەو پرۆسیە ئامادە نییە، سوپای عێراقی فیدراڵە، چونکە ئەوان هێشتا ناوچەیەکی زۆریان ماوە بۆ ئەوەی بگەنە باشووری موسڵ، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە لە باکوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتن، لەلایەکی دیکەوە و هێشتا کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە و ناوچەکانی ریاز و حەویجە و گەیارە و شەرگات تەواو نەبووە، ئەمانەش هەمووی ئەرکی سوپای عێراقە کۆنترۆڵیان بکاتەوە".




رووداو
Top