كچە قوتابییەك خۆی دەخنكێنێ‌

كچە قوتابییەك خۆی دەخنكێنێ‌
نەواس كتێبەكانی هەڵدەگرێت و بەناوی خوێندنەوە دەچێتە نهۆمی دووەمی ماڵەكەیان، بەڵام دوای ماوەیەكی كەم كەسوكارەكەی جەستە بێ گیانەكەی لە پەت دەكەنەوە. باوكی نەواس دەڵێت باری ئابوورییان خراپ بووە، بۆیە كچەكەی، خۆی خنكاندووە، بەڵام پۆلیس قسەیەكی دیكە دەكات....
رۆژی 17/5/2016 لە كاتێكدا قوتابیانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی سەرقاڵی خۆئامادەكردن بوون بۆ تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ، كچێكی تەمەن 18 ساڵ بەنێوی نەواس سلێمان، پۆلی 12ی وێژەیی لە نێو ماڵەكەیاندا خۆی خنكاند.

مەلا سلێمان باوكی نەواس كە لە كاتی رووداوەكەدا لە مزگەوت بووە، بە (رووداو)ی راگەیاند "كە لە مزگەوت گەڕامەوە قەرەباڵغییەكی زۆر لەبەردەم ماڵەكەم بوو، كاتێك نزیك بوومەوە زانیم كچەكەم خۆی خنكاندووە".

دوای پشكنینی پزیشكی، مەلا سلێمان تەرمی كچەكەی لە پۆلیس وەردەگرێتەوە. ئەو باسی هۆكاری خۆخنكاندنی كچەكەی دەكات و دەڵێت "ئێمە خێزانێكین باری ئابووریمان خراپە، من خۆم فەرمانبەری حكومەتم، چاوەڕێی دابەشكردنی مووچە دەكەم، مووچەكە بەشمان ناكات، بۆیە لەو باوەڕدام كچەكەم بەهۆی خراپیی باری ئابووریمانەوە خۆی خنكاندبێ‌، جگە لەو هۆكارە باسی هەر شتێكی دیكە لەبارەی كچەكەمەوە بكرێ‌، بە توندی رەتیدەكەمەوە".

نەواس هەشت خوشكی هەبوو، خوشكێكی كە مامۆستایە زۆر پەسنی نەواس دەدات و لەو رۆژەوەی نەواس خۆی خنكاندووە تووشی شۆك بووە و ناتوانێت باوەڕ بەوە بكات كە ئیدی جارێكی دیكە خوشكی نابینێتەوە.

مامۆستا ئاریان سلێمان، خوشكی نەواس بە (رووداو)ی گوت "من لە كاتی رووداوەكە لە دەوام بووم، بەڵام دایكم بۆی گێڕامەوە كە نەواس گوتوویەتی دەچمە سەرەوە دەخوێنم، ئیدی نازانم بۆچی خۆی خنكاندووە".

مامۆستا ئاریان هەروەها گوتی "بەڕاستی بە زانینی هەواڵەكە تووشی شۆك بووین، چونكە خوشكەكەم هیچ كێشەیەكی نەبوو، نەخۆشیی دەروونی نەبوو، كێشەی كۆمەڵایەتی نەبوو، تەنیا ئەوە نەبێت كە باری ئابووریمان كەمێك خراپە. جگە لەوەش نەواس زۆر دڵی بە خوێندنەكەی خۆش بوو، بەردەوام سەعی دەكرد بۆ ئەوەی نمرەیەكی بەرز بەدەستبێنێ‌، بۆیە پێمان سەیرە كە خۆی خنكاندووە".

بەڵام پۆلیس بە پێچەوانەی قسەی كەسوكارەكەی باسی هۆكارێكی دیكە دەكات كە وای لە نەواس كردووە خۆی بخنكێنێ‌.

ملازم رێباز، گوتەبێژی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە رانیە لەبارەی خۆخنكاندنی ئەو كچەوە بە (رووداو)ی گوت "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان و ئەو گوتانەی كە وەرگیراون، ئەو كچە پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ كوڕێك هەبووە و داوای لە كوڕەكە كردووە بچێتە خوازبێنی، بەڵام كوڕەكە نەچووە، ئەویش لە داخان خۆی خنكاندووە".

گوتیشی "پۆلیس دۆسیەی بۆ رووداوەكە كردووەتەوە و لێكۆڵینەوەی تێدا دەكات بۆ ئەوەی بزانرێ‌ راستی رووداوەكە و هۆكاری خۆخنكاندنی ئەو كچە تەنیا مەسەلەی سۆزدارییە یان كێشەی دیكەی هەبووە".

هەر لەوبارەوە تەها محەممەد، لێپرسراوی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی راپەڕین گوتی "بەپێی پشكنین و توێكاری كە بۆ تەرمی نەواس كراوە، دەركەوتووە ئەو كچە بە دەستی خۆی، خۆی خنكاندووە و كەس دەستی لە رووداوەكەدا نییە".




رووداو
Top