نێچیرڤان بارزانی: مۆڵەت دانان بۆ جێبەجێكردنی لامەركەزیەت مانایەكی نییە

نێچیرڤان بارزانی: مۆڵەت دانان بۆ جێبەجێكردنی لامەركەزیەت مانایەكی نییە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانەی سەردانێكیدا بۆ شاری سلێمانی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 7-6-2016 لە لێدوانێكی ڕۆژنامەواندیدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن تیشكی خستە سەر چەند پرسێكی هەنووكەیی و بارودۆخی هەرێمی كوردستان.

لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەكەدا سەۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیانەی ڕەت كردەوە كە بڵاو كرابووەوە سەردانی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و چەند لایەنێكی دیكە دەكات.

لەبارەی قەیرانی داراییشه‌وه‌ بەرێزیان ئاماژەی بەوە دا كە ئەم بابەتە تەنیا پەیوەندیی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە، بەڵكوو بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە قەیرانەكە عێراق و ناوچەكەشی گرتووەتەوە و هەموو هەوڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەوە دەبێت ڕێكاری دروست بگرێتەبەر بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە و سوپاسی خۆڕاگریی كارمەند و مووچەخۆرانی كرد.

ئاماژەی بەوەش دا كە بەو پاشه‌كەوتەی لە مووچەی كارمەنداندا كراوە، توانراوە مانگەكانی یەك تا چوار مووچە دابین بكرێت و هیوای خواست بەو ڕێكارانەی كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەگیرێنە بەر، ئەو قەیرانە تێپەڕێنرێت.

سەبارەت بە لامەركەزیی پارێزگاكان و ئەو مۆڵەتەی لەلایەن ئەنجومەن و پارێزگای سلێمانییەوە بۆ حكوومەتی هەرێم دیاری كراوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو سیستمە، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەوان پشتگیریی سیستمی لامەركەزی بۆ هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەكەن و بە شتێكی پێویستیشی دەزانن.

سەبارەت بە داوای ئەنجومەن و پارێزگای سلێمانیش ئاشكرای كرد كە ئەوان بەشێكن لە حكوومەت، بۆیە پێویستە هەر ئاوا بجووڵێنه‌وه‌ و گوتی: "ئەوان بەشێكن لە حكوومەت، مۆڵەتدان بە حكوومەت یانى چی؟".









باسنيوز
Top