دەروازە سنوورییەکانی سنە لەگەڵ کوردستانی باشوور دەکرێنەوە

دەروازە سنوورییەکانی سنە لەگەڵ کوردستانی باشوور دەکرێنەوە
موحسین بیگلەری، نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە پارێزگای سنە ڕای گەیاند، لە دەروازە سنوورییە فەرمییەکانی پارێزگای سنە لە کوردستانی رۆژهەڵات دەکرێنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (7.6.2016)، موحسین بیگلەری، نوێنەرەی شارەکانی سەقز و بانە لە پەرلەمانی ئێران، بە هەواڵدەرییە ناوخۆییەکانی ئێرانی گوت: "سەرجەم دەروازە سنوورییە فەرمییەكانی پارێزگای سنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە".

بیگلەری گوتیشی: "دوای گفتۆگۆكردنمان لەگەڵ فەرماندەكانی سوپای پاسداران لەو سنوورە بڕیار دراوە، سەرجەم دەروازە سنوورییە فەرمییەكانی پارێزگای سنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بكرێنەوە".

هاوکات محەمەحوسێن ڕەجەبی، فەرماندەی سوپای پاسداران لە پارێزگای سنە گوتی: "هەر لە ئەمڕۆوە بازاڕە سنوورییەکانی پارێزگای سنە دەکرێنەوە و هاووڵاتیان دەتوانن کڕێن و فرۆشتن دەست پێ بکەنەوە".

لە دوو مانگی رابردوودا سەرجەم ڕێگە كۆڵبەرییەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ هەرێمی کوردستان داخراون، ئەوە لە کاتێک دایە کە دەروازە سنوورییە فەرمییەكانیش سنووردار كرا بوون.
Top