بزووتنەوەی ئیسلامی كۆنگرە دەبەستێت
بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، كە بە دایكی درووستبوونی هەموو رەوت و هێزە ئیسلامییەكانی دیكەی باشووری كوردستان ناسراوە، خۆی دەخاتەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەی نێو خۆییەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بڕیاریدا رۆژی 10ی مانگی داهاتوو یازدەیەمین كۆنگرەی ببەستێت.
كامیل مەحموود، ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی گوتی "كۆنگرەی ئەمجارە بۆ ئەوەیە كە ئەو شكست و پاشەكشەیەی لەدوایین هەڵبژاردندا بەسەرماندا هات، كەمیبكەینەوە، هەروەها لەڕووی كاركردن و مەنهجی بزووتنەوە و رێكخستن و ئۆرگانەكانەوە پێداچوونەوە بكەین، چونكە لەم دۆخەدا نە خۆمان و نە جەماوەرەكەشمان لە بزووتنەوە رازی نین".
لەوەتەی بزووتەوە دروستبووە، لە زۆربەی كۆنگرەكانیدا بنەماڵەی عەبدولعەزیز پشتا و پشت ئەو حیزبەیان بەڕێوەبردووە، سەرەتا مامۆستا عوسمان، دواتر مامۆستایان عەلی، محەمەد و سدیق و كۆتا جاریش عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بوون بە رابەری گشتی، بەڵام بۆ ئەم كۆنگرەیە كامیل حاجی عەلی، وەزیری پێشووی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی بۆ كورسی رابەرایەتی كاندید كردووە.
عوسمان سەید ئەحمەد، ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی راگەیاند "راستە لە هەموو كۆنگرەكاندا كۆمەڵێك كەس سەرناكەون و دەنگ ناهێنن، لە زۆربەی كۆنگرەی حیزبەكانی دیكەشدا هەر وابووە، بەڵام وەكو بزووتنەوە هەرگیز لە كۆنگرە نەترساوین و یەكەم لایەنیش بووین كە رابەرمان گۆڕیوە".
بزووتنەوە لە دۆخێكدا كۆنگرە دەبەستێت، كە لەڕووی دارایی، راگەیاندن و رێكخستنەوە لەبارێكی دژواردایە، هەربۆیە چاوی سەركردە و جەماوەری ئەو حیزبە لە كۆنگرەكەیانە.
عوسمان جەنەتی، كارگێڕی مەكتەبی بەڕێوەبردنی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت "داواكارم، بەتایبەت زانایانمان دابەزنە نێو مزگەوت و لەڕووی رێكخستنیشەوە بچینە ناو جەماوەر، بەڵكو ئەو كۆنگرەیە بتوانێت بزووتنەوە هەستێنێتەوە".
