کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی سەبارەت بە بەردەوامی خۆڵبارین ڕاگەیاند

کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی سەبارەت بە بەردەوامی خۆڵبارین ڕاگەیاند
چەند رۆژێکە شەپۆلێکى خۆڵبارین هەرێمى کوردستانى گرتوەتەوەوبەو هۆیەشەوە مەودای بینین بۆ کەمتر لە کیلۆ مەترێک کەمبوەتەوە، بەپێی پێشبینییەکانى کەشناسى هەرێمى کوردستانیش خۆڵبارینەکە تاوەکو چل و هەشت کاتژمێرى دیکە بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەری باران بارین و ئاسایبونەوەی کەشوھەوا ھەیە لەکۆتای ھەفتەدا.

دارا حەسەن، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەی سلێمانی ڕاگەیاند "پێدەچێت خۆڵباریینەکە تا کۆتای هەفتە لەناوچەکە بەردەوام بێت، ئەگەرێکی لاوازیش هەیە کە ڕۆژانی ٨ و ٩ی مانگ باران بارێت و دۆخەکە ئاسایی بکاتەوە".

بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەی ھەرێم ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی ھەرێمی کوردستانى گرتوەتەوە لەژێر کاریگەری نزمە پاڵە پەستۆی پلەی گەرمی ساڵانەو بەرزە پاڵە پەستۆی لاوازی دەریای ناوەراستەوەیە.

بە کاریگەریى ئەو خۆڵبارینە و تەنھا لە یەک ڕۆژدا ٣٠ هاوڵاتى لە لەنەخۆشخانەکانى فریاکەوتنی هەولێر و سلێمانی و دهۆک داخڵکراون و بەپێى ڕێنمایە پزیشکییەکانیش ئەو کەسانەی نەخۆشی ھەناسەتوندی یان حەساسیەتی سنگیان ھەیە لە کاتى خۆڵباریندا نابێت بچنە دەرەوە.

لەو بارەیەوە کاروخ فازل، پزیشکی ھەناوی بۆ خۆپاراستن لەم خۆڵبارینە چەند ڕێنماییەکی دایە هاوڵاتیان و ڕایگەیاند "باشترین چارەسەر بۆ ئەو کەسانەی کە هەناسەیان توندە ئەوەیە کە لەماڵ نەچنە دەرەوە و ئەگەریش چون دەمامک ببەستن، هەروەها خۆیان لە بۆنکردنی شتەکان بپارێزن چونکە لەگەڵ بۆنەکەدا خۆڵ دەچێتە کۆئەندامی هەناسەیانەوە".

خۆڵبارین دیاردەیەکی سروشتیەو وێرای زیانەکانی بۆسەر تەندروستی مرۆڤ ھاوکات ھۆکارێکە بۆ بەبیابان بون و زیادکردنی روبەری سەوزایش تەنھا ھۆکارە بۆ دورکەوتنەوە لەمەترسیەکانی ئەو دیاردە سروشتیە.
Top