سلێمانی هەڕەشەی راگەیاندنی لامەركەزی دەكات

سلێمانی هەڕەشەی راگەیاندنی لامەركەزی دەكات
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ دواجار حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خەرجكردنی پارە لە چەند پڕۆژەیەكی پارێزگاكە ئاگادار دەكاتەوە و مۆڵەتی 15 رۆژ دادەنێت، ئەگەر وەڵامی حكومەت نەرێنی بوو، سكاڵا لە دژی حكومەت تۆمار دەكەن و بڕیاری لامەركەزی دەدەن.

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆبوونەوەی هەفتەی رابردوویدا تاوتوێی سێ پرسی كرد، یەكێكیان ئەو بودجەیەی لە ساڵانی رابردوودا بۆ پڕۆژەكانی پایتەختی رۆشنبیری تەرخانكراون، دووەمیش ئەو پارەیەی لەلایەن كۆمپانیای گازپرۆمی رووسییەوە وەكو شیرینی نەوت دراوەتە حكومەت بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە، سێیەمیش كێشەی كەمئاوی كە پێدەچێت لە هاوینی ئەمساڵدا رووبەڕووی شاری سلێمانی ببێتەوە.

فەرهاد تۆفیق، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری رۆشنبیری لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (رووداو)ی راگەیاند "پێشتر بڕی 20 ملیار دینار بۆ بونیادی پایتەختی رۆشنبیری تەرخانكرابوو، بەپێی زانیارییەكانیش ئێستا زیاتر لە 15 ملیاری لە بانكەكانی سلێَمانیدا ماوە، ئەوەی دیكە بۆ پڕۆژە خەرجكراوە، چەند جارێك لەلایەن بۆردی سەرپەرشتیاری پڕۆژەكەوە داوای خەرجكردنی پارە كراوە، بەڵام بەهۆی بڕیاری وەزارەتی داراییەوە ناتوانرێت ئەو پارەیە خەرج بكرێت".

ساڵانی رابردوو كۆمپانیای گازپرۆم گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ دەرهێنانی نەوت لە چوار بلۆكی پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و بڕیاریش بووە بڕی 80 ملیۆن دۆلار وەك شیرینی بداتە حكومەت، سەرەتاش 30 ملیۆن دۆلاری داوەتە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە نەكراوە.

غالیب محەممەد، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (رووداو)ی گوت "ئەو 30 ملیۆن دۆلارە چووەتە سەر حیسابی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و دەبێت ئەوانیش بیخەنە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەپێی گرێبەستەكەش تا ئەو 30 ملیۆنە خەرج نەكرێت، كۆمپانیاكە قیستی دووەم كە 50 ملیۆن دۆلارە ناداتە سامانە سروشتییەكان، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو پارەیە نەخراوەتە سەر حیسابی دارایی و ئابووری. بۆ خەرجكردنیشی پێویستە نووسراو بۆ سامانە سروشتییەكان بكرێت".

بە گوتەی فەرهاد تۆفیق، پێشبینی دەكرێت هاوینی ئەمساڵ شاری سلێمانی رووبەڕووی گرفتی كەمئاوی ببێتەوە و بۆ چارەسەریشی دوو ملیار دیناری پێویستە "بۆ ئەو سێ مەبەستە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگادا بڕیارمان دا نووسراو بۆ وەزارەتی دارایی بنێرین بۆ ئەوەی لەو پارەیەی پایتەختی رۆشنبیری كە ئامادەیە، بەپێی بڕیاری بۆردەكە خەرج بكرێت، بەبۆچوونی خۆیشم ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەو دوو ملیارەی ئاوی نەنارد، لەو پارەیەی پایتەختی رۆشنبیری خەرج بكرێت".

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (رووداو)ی راگەیاند، پێشتر پارەی ئەو پڕۆژانە تەرخانكراون "جگە لەو پارانە، بڕی ملیارێك و 800 ملیۆن دیناریش بۆ پڕۆژەی سەوزكردنی بلوارەكانی سلێمانی تەرخانكراوە و پارەی پایتەختی رۆشنبیریش تەنیا بۆ رۆشنبیری خەرج دەكرێت".

د.هەڤاڵ ئاشكرای كرد، رۆژی 5/6/2016 بەمەبەستی خەرجكردنی پارە بۆ ئەو پڕۆژانە نووسراویان ئاراستەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كردووە و گوتی "لە نووسراوەكاندا مۆڵەتی 15 رۆژمان بۆ وەڵامی ئەرێنی یاخود نەرێنی داناوە و ئەگەریش لەو ماوەیەدا وەڵامیان نەداینەوە، نەخشەڕێیەكی دیكەمان ئامادە كردووە".

د.هەڤاڵ سەبارەت بەو نەخشەڕێگەیە گوتی "سەرەتا وەكو دەستەی ئەنجوومەن لەگەڵ ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە كۆدەبینەوە بۆ وەرگرتنی دوا بڕیاریان، ئەگەریش بێسوود بوو ئەوا دەیكەینە كەیسێكی یاسایی و لەڕێگەی داواكاری گشتییەوە سكاڵا لە دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار دەكەین، ئەگەر ئەوەش بێسوود بوو دەست بە هەڵمەتێكی گەورەی كەمپەینی میدیایی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەكەین، ئەگەریش ئەو خەباتە مەدەنی و میدیاییەش سەركەوتوو نەبوو، یاسای ژمارە سێی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەسەڵاتی پێداوین و ئەگەر لایەنە سیاسی و فراكسیۆنەكان لەگەڵماندا بن، بڕیاری لامەركەزی دەدەین و داهاتی خۆمان بۆ خۆمان خەرج دەكەین".



روداو
Top