دوو کچی کوردی ئێزدی لە فەللوجە رزگارکران
ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری عێراق رایگەیاند "ئەو دوو کچە ئێزدییەی لەمیانی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە رزگار کران، پێشتر لە رەققە بوون و پاشان ھێنراونەتە فەللوجە، ئەوان ئێستا لەلای منن و لە دۆخێکی باشدان".
ڤیان دەخیل رایگەیاند "سەر لەئێوارەی رۆژی دووشەممە 30-5-2016 ھەواڵی ئەوەمان زانی کە دوو کچی ئێزدی لە فەللوجەن و دەتوانین رزگاریان بکەین، بۆیە بە بەردەوام لەگەڵ ھەندێک سەرۆک عەشایەر و حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە پەیوەندی دابووین، ئەوەبوو بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 31-5-2016 گەیێندرانە بەغدا، منیش سەردانم کردن و ئێستا ئەوان لەلای منن. بەڵام کچانی دیکەی ئێزدیش لە فەللوجە ھەن کە هێشتا رزگار نەکراون."
ڤیان دەخیل گوتیشی "دوو کچەکە یەکێکیان، ناوی (م. ک)ـە و خەڵکی گوندی کۆجۆیە، تەمەنی 23 ساڵانە. ئەو کچەی بەر لە 10 مانگ لە رەققە بووە و دواتر فرۆشراوە بە چەکدارێکی داعش و ھێنراوە بۆ فەللوجە".
لەبارەی کچەكەی دیكەش، دەخیل ئاشكرایكرد، ناوی (ن. ا)ـە و تەمەنی 22 ساڵانە، ئەویش نزیکەی ساڵێک بەر لەئێستا لە رەققە بووە و پاشان فرۆشراوە بە چەکدارێکی داعش و ھێنراوە بۆ فەللوجە".
ڤیان دەخیل راشیگەیاند "کچەکەی شنگال ئەندامانی ماڵی باوکی لە ژیاندا ماون، بەڵام کچەکەی گوندی کۆجۆ تەنیا خوشکێک و ئامۆزایەک و چەند کەسێک لە خانەوادەکەی لەژیاندا ماون. ناتوانم زانیاری زیاتر ئاشکرا بکەم. چونکە بەپێی زانیارییەکان ھێشتان ژمارەیەک کچی ئێزدی لە فەللوجە ماون و رزگار نەکراون".
