عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە بەدواداچوون و وەڵامدانەوەیەكی دوو پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە خولی سێیەم و چوارەمی پەرلەمانی كوردستان كە بۆ ماڵپەڕی هاووڵاتی رۆژی 12-2-2015 گوتبوویان گەنمی هاوردە لە 2014 و 2015 لە سایلۆدا تێكەڵ بە گەنمی جووتیارانی كوردستان كراوە، لە لێدوانێكدا روونی كردەوە كە ئەم دەنگۆیە هەڵبەستراوە تەنیا چەواشەكردن و تێكەڵكردن و ئاڵۆزكردنی بابەتەكانەو شتێكی دیكە نییە، عەبدولستار مەجید بە توندی دەنگۆی تێكەڵكردنی گەنمی هاوردە بە گەنمی جووتیارانی كوردستانی رەت كردەوەو بە چەواشەكردن و ئاڵۆزكردنی بابەتەكانی وەسف كرد، دووپاتیشی كردەوە كە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم بە پڕۆسەیەكی ورددا تێدەپەڕێ و لە ساڵی 2015 دا لیژنەیەكی باڵا بە سەرۆكایەتی بەڕێز جێگری سەرۆكی ئەنجومەن و ئەندامێتیی وەزیرە پەیوەندیدارەكان پێكهات و بڕیاردرا دەست بەسەر گەنمی نامۆ و كۆندا بگیرێت و ئەم پرۆسەیە لە چەند سایلۆیەك ئەنجام درا،ئاماژەشی بەوە كرد وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لێی بەرپرس نییە، بەڵكو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لێی بەرپرسە، لەو دوو ساڵەشدا كە ئەم دوو پەرلەمانتارە ئاماژەیان پێداوە لەسەر دەستی وەزیرێك بووە كە وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستانە وسەر بە بزووتنەوەكەی ئەو دوو پەرلەمانتارەیە، جەختيشی كردەوە كە ئەگەر ئەم لێدوانە بۆ چەواشەكردن و شێواندنی راستییەكان نەبێ، بۆچی ناچن بەدواداچوون و لێپێچینەوە لەگەڵ وەزیرەكەیاندا ناكەن؟