نێچیرڤان بارزانى سه‌ردانى له‌نده‌ن ده‌كات

نێچیرڤان بارزانى سه‌ردانى له‌نده‌ن ده‌كات
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەری فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سامى ئه‌رگۆشى سكرتێرى ڕۆژنامه‌وانیى نێچرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند:

ئەمڕۆ یەكشەممە 18ی مایسی 2014 شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر داوەتی فەرمیی حكوومەتی بەریتانیا بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی و بەشداریی هەریەكە لە د. ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان، د. عه‌لى سندى وه‌زیرى پلاندانان، قوباد تاڵەبانی بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، سەفین دزەیی گوتەبێژی فەرمیی حكوومەت، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت و ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاوێژكاران، بەرەو لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێ ده‌كه‌ون.

شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەردوو ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە لەگەڵ ژمارەیەك لە وه‌زیران و بەرپرسانی حكوومەتی بەریتانیا كۆ دەبنەوە و تیایدا وێڕای پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا، چەندین تەوەری دیكەی گرنگ باس دەكرێت كە پەیوەندیی بە بواری بازرگانی و هاریكاریی وزە و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان لە هەموو ڕوویه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌.
Top