سه‌رۆك بارزانی: لەیلا قاسم سیمبوڵی گیانفیدایی و بڕوا بەخۆبوون و نیشتیمانپەروەریی ئافرەتی كوردە

سه‌رۆك بارزانی: لەیلا قاسم سیمبوڵی گیانفیدایی و بڕوا بەخۆبوون و نیشتیمانپەروەریی ئافرەتی كوردە
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، په‌یامێكی له‌ یادی 40 ساڵەی شەهیدبوونی لەیلا قاسم بڵاوكرده‌وه‌، رایگه‌یاند، ئەو ئەوەندە بەرزە تەنانەت لەكاتی مەرگیش سەری جەللادەكانی لەژێر پێڵاوەكانی خۆیدا بینی، وتیشی، ژیان و مەرگی لەیلا وانەیە بۆ هەموو تاكێكی كورد.


ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌ی په‌یامه‌كه‌یه‌:



لە یادی 40 ساڵەی شەهیدبوونی لەیلا قاسمدا سڵاو بۆ گیانی پاكی ئەو ئافرەتە قارەمانە و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی، شەهید لەیلا قاسم سیمبوڵی گیانفیدایی و بڕوا بەخۆبوون و نیشتیمانپەروەریی ئافرەتی كوردەو جێگەی شانازیی تاك تاكی گەلی كوردە و پێویستە تاهەتایە یادی بەرز ڕابگیرێت و بە زیندوویی بمێنێتەوە.


لەیلا هێمای بەرزیی گەلەكەیەتی، ئەو ئەوەندە بەرزە تەنانەت لەكاتی مەرگیش سەری جەللادەكانی لەژێر پێڵاوەكانی خۆیدا بینی، ئەو لێبوردن و بەخشینی دوژمنانی نەویست و لە وەڵامی بكوژانیدا گوتی كە من بەشێكم لە شۆڕشی گەلەكەم و بە شەرەفەوە بەرەو پەتی سێدارە دەچم و دەبێ گەلەكەم لێم ببوورێ نەك نەیارانی گەلەكەم.



ژیان و مەرگی لەیلا وانەیە بۆ هەموو تاكێكی كورد، دوای شەهیدبوونی هەزاران دایكی كورد ڕۆڵەكانیان بە ناوی ئەو كرد، یادی ئەم شەهیدە قارەمانە بەرزو پیرۆز بێت.




مسعود بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

2014/5/12
Top