هەڵبژاردن و ئەگەرەكان لە عێراق دا

هەڵبژاردن و ئەگەرەكان لە عێراق دا
لە وتارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ئاسۆ كەریم گوتی: دیارە تا ئێستە بە رەسمیی ئەنجامی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان رانەگەیەنراوە. بەڵام هەر لایەن و قەوارەیەكی سیاسی تا رادەیەك لە خۆی دەگا و دەزانێ حاڵی چۆنەو رێژەكەی بە بەراورد بە هەڵبژاردنی7/3/2010 (بۆ ئەنجومەنی نوێنەران) و هەڵبژاردنی 21/9/2013 (بۆ هەرێمی كوردستان) هەڵكشاوە یان داكشاوە. ئا ئەوەتا دەبینین راوێژ و بیروڕاگۆڕینەوەو زانینی بنزمانی یەكدی و دەستی یەكدی كەشفكردن و تا بە راوە رێوی لەگەڵ یەكدی و كاكە برالەش دەگات دەستی پێكردووە. رەنگە هەندێ كەس بڵێن هەر لە ئێستاوە بەرەكان دیارن و لێكبوونەتەوەو بەسەر دوو قۆڵی سەرەكیدا دابەش بوون. لێ وەك سەرنج دەدرێ ناوماڵی هیچ كام لە سێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق: شیعەو سوننە و كورد تۆكمەو پتەو نییەو ئەو رایە هێشتا ساغ نەبۆتەوەو سەنگەرەكان لەناو یەكداو تێكەڵ و پێكەڵن.
دواتر ئاسۆ لە درێژەی وتارەكەیدا گوتی: بمانەوێ و نەمانەوێ چ لە كوردستان و چ لە عێراق گۆڕانكاری بەسەر تەرازووی هێزدا دێ. ئەو گۆڕانكارییە چ ئاسەوارێكی دەبێ لەسەر ئاستی عێراق و لەسەر ئاستی كوردستان، جارێ دیار نییەو نازانرێ بە چ ئاقار و ئاراستەیەكدا دەكەوێتەوەو چۆن رەنگ لەسەر هاوپەیمانێتی و پێكهێنانی حكومەتی ئیتیحادی دەداتەوە. بەڵام بەتەنیا گۆڕانكاریی لە تەرازووی هێزدا لە ناوەخۆی عێراقدا لە ئاكامی هەڵبژاردنەكاندا هۆكاری یەكلاكەرەوەو گۆڕانكاری نییە. بەڵكە فاكتەری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش (زێتر مەبەستم ئەمریكایە) لەگەڵ فاكتەری ناوخۆدا كارلێك دەكەن و كێشەكان بە لایەكدا دەخەن. هەڵبەت دەوڵەتانی ناوچەكە و ئەمریكاش هەندەی مەبەستیان وەدەستهێنانی نفووز و پاراستن و بەدیهێنانی بەرژەوەندیە هەمە لایەنەكانی خۆیانە، هەندە پشتیان بۆ گەلانی عێراق نەشكاوە، خەمی ئەوان سەقامگیری و تەناهی عێراق نییە، چش لە ئیرادەی خەڵك و دیموكراسی هەر چەند ئەمریكا دەیەوێ عێراق یەكگرتوو بمێنێتەوە و سەقامگیری تێدا بێ و رێ لە تیرۆریزم بگرێ.
هەروەها كەریم گوتی: بێشك ئەو بەرژەوەندیانەی ئەوانیش بەریەك دەكەون. ئەوە بێ لە رێكخراوی قاعیدە و رێكخراوە هاوچەشنەكانیان وەكو ئەكتەری نا- دەوڵەتی، فاكتەرێكە دەبێ حیسابی بۆ بكرێ لە لێكدانەوەی هاوكێشەكاندا، چونكە وەك دەزانرێ لە بەری رۆژئاوای عێراقدا و لە هەندێ ناوچەی دیكەی سوننەنشیندا نفووزێكی كەمیان نییە و حكومەتی ئێستەی مالیكیان تەنگاو كردووە. گەمەكە لە عێراقدا لەنێوان لایەنە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكاندا نەبڕاوەتەوە و هەر یەكەیان مۆری خۆی لەناو عێراقدا هەیە. بەڵام دەبێ ئەوەش بگوترێ لە دوای 2003ـەوە جۆرێ لە تەوافووقی پەنامەكی لەنێوان ئەمریكاو ئێراندا لە سەر ئیدارەدانی ململانێ و پارسەنگ راگرتن لە عێراقدا هەبووە. قسە لەوە نییە تا چەند سەركەوتوو بوون.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (976)
Top